تەندروستیی هەرێم: لە ساڵی 2025ـدا زیاتر لە 182 ملیار دینار لە خەرجیی هاووڵاتییان کەمکراوەتەوە
وێستگەنیوز-
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی فەرمی کە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئامادەکراوە، لە ساڵی 2025ـدا بە تێکڕا 167 دۆلار وەک خزمەتگوزاریی تەندروستی بۆ هەر هاوڵاتییەک خەرجکراوە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری کە دەست وێستگەنیوز کەوتووە و بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی ئامادەکراوە، لە ساڵی 2025ـدا 85%ـی کۆی تێچووی کەرتی تەندروستی لە ئەستۆی حکومەت بووە؛ هاوکات لە ڕێگەی ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکان بە نرخی کەم یاخود بێبەرامبەر، زیاتر لە 182 ملیار دینار لە خەرجیی سەر شانی هاوڵاتییان گەڕێندراوەتەوە.
بە گوێرەی داتاکان، لە نەخۆشخانە حکومییەکاندا 258,488 نەشتەرگەری ئەنجامدراون، لەو ژمارەیە 217,238ـیان نەشتەرگەریی گشتی بوون بە نرخی ڕەمزی 7,000 دینار، هەروەها 41,250 نەشتەرگەریی فریاکەوتن بە تەواوی بێبەرامبەر ئەنجامدراون.
بەراورد بە نرخی کەرتی تایبەت، بڕی 182 ملیار و 33 ملیۆن دینار بارگرانیی دارایی لەسەر شانی هاوڵاتییان کەمکراوەتەوە، هەروەها ساڵانە بە تێکڕا نزیکەی 167 دۆلار وەک بەشی خزمەتگوزاری بۆ هەر هاوڵاتییەک خەرج کراوە.
بەگوێرەی داتاکان، کۆی تێچووی دابینکردنی دەرمان لە ساڵی 2025ـدا گەیشتووەتە 325 ملیار دینار، کە 103 ملیار دیناری لەلایەن هەرێم و 222 ملیار دیناری لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە دابینکراوە.
لە ڕووی داراییەوە، خەرجیی کەرتی تەندروستی 773.4 ملیار دینار بووە لە بەرامبەر 112.9 ملیار دینار داهات، ئەمەش نیشانی دەدات کەرتی تەندروستی قازانجنەویست بووە و حکومەت 85%ی خەرجییەکانی گرتووەتە ئەستۆ.
لە تەوەرەی خۆپارێزیدا، 512,264 پشکنینی شەکرە و پەستانی خوێن، 122,705 پشکنینی پێش هاوسەرگیری و 47,176 پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجەی مەمک مامۆگرافی و پزیشکی بە بێبەرامبەر ئەنجامدراون.
AM:10:41:25/10/2026
ئهم بابهته 236
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت