حکومەتی عێراق بە فەرمی دامەزراندنی هەمیشەیی بۆ 500 هەزار فەرمانبەر و 120 هەزار گرێبەستی نوێی راگەیاند

‌

وێستگەنیوز-


حکوومەتی عێراق ڕایگەیاند کە لە رەشنووسی یاسای بودجەی ساڵی 2027دا زیاتر لە 500هەزار فەرمانبەری کاتی و رۆژانە لە دامودەزگاکانی دەوڵەتدا دەکرێن بە هەمیشەیی، هاوکات 120 هەزار هەلی کاری نوێش بەشێوەی گرێبەست بۆ گەنجان دابین دەکرێت.

حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حکوومەتی عێراق رایگەیاند، لەسەر راسپاردەی سەرۆک وەزیران، رێکارەکانی بە هەمیشەیی کردنی بۆ زیاتر لە 500 هەزار فەرمانبەری کاتی و رۆژانە تەواو کراون و پارەی پێویستیان لە بودجەی 2027دا بۆ تەرخان کراوە، وتیشی، ئەم هەنگاوە لەبەر زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان و بۆ رەخساندنی هەلی کارە بۆ گەنجان.

وتەبێژی حکوومەت ئاشکرایشی کرد، 120 هەزار هەلی کاری نوێ بەشێوەی گرێبەست بڕیاری لێدراوە، بە جۆرێک 50 هەزار هەلیان بۆ دەزگا ئەمنییەکان دەبێت و 70 هەزارەکەی دیکەش بەسەر وەزارەتەکان و پارێزگاکاندا دابەش دەکرێت، جەختیشی کردەوە، داواکارییەکان لە رێگەی ماڵپەڕێکی ئەلیکترۆنییەوە وەردەگیرێن تاوەکو شەفافیەت و دادپەروەری تێدا بێت.

دەشڵێت، بودجەی ساڵی 2027 دوای تاوتوێکردنی لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و ئەنجومەنی وەزیران، رەوانەی پەرلەمان دەکرێت بۆ پەسەندکردنی، دواتریش بە فەرمی دەرگای پێشکەشکردنی داواکاری بۆ هەلی کارە نوێیەکان دەکرێتەوە.


PM:08:49:24/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 268 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو