تۆمەتباری کوشتنی دوو براکەی ئاکرێ لە دەست هێزە ئەمنییەکان هەڵات
وێستگەنیوز-
سێ رۆژ دوای کوژرانی دوو براکەی قەزای ئاکرێ لەلایەن پورزایەکیانەوە، درەنگانی شەوی رابردوو تۆمەتباری سەرەکی لە کاتی شتکڕین لە مارکێتێکدا بینراوە و پاش رووبەڕووبوونەوەی چەکداری لەگەڵ هێزە ئەمنییەکاندا، جارێکی دیکە هەڵاتووە.
موقەدەم عیماد حسێن، بەرپرسی راگەیاندنی پۆلیسی ئاکرێ رایگەیاند، درەنگانی شەوی رابردوو زانیاری گەیشتووەتە هێزەکانی ئاسایش کە تۆمەتباری رووداوەکەی چەند رۆژی رابردوو لە مارکێتێک دەرکەوتووە، دوای گەیشتنی هێزە ئەمنییەکان بۆ شوێنەکە، تۆمەتبارەکە ئامادە نەبووە خۆی رادەست بکات و بە چەک رووبەڕوویان بووەتەوە و تەقەی لە هێزە ئەمنییەکان کردووە، پاشان بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵاتووە.
بەرپرسی راگەیاندنی پۆلیسی ئاکرێ جەختی لەوەش کردەوە کە لەو ئاڵوگۆڕی تەقەیەدا هیچ ئەفسەر و کارمەندێکی هێزەکانیان بریندار نەبوون و هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە.
ئەم رووبەڕووبوونەوەیە دوای ئەوە دێت کە شەوی 21 لەسەر 22ی ئەم مانگە، لە نزیک پارکی گشتی لە سەنتەری قەزای ئاکرێ و لە کاتژمێر 12ی شەودا تاوانێکی کوشتن روویدا، کە تێیدا دوو برای تەمەن 40 ساڵ بە ناوی (جەمال حاجی - پارێزەر) و 32 ساڵ بە ناوی (فەلاح حاجی - مامۆستا) کوژران و برایەکی دیکەشیان کە تەمەنی 36 ساڵە بریندار کرا.
تۆمەتباری سەرەکی کە مامەڵەکارە و بە قازانج قەرز دەدات بە خەڵک و کارتی بانکییان لێوەردەگرێت، تەنیا 10 خولەک پێش تاوانەکە پەیوەندی بە جەمالی پارێزەرەوە کردووە و بەهۆی ناکۆکی لەسەر وەکالەتنامەیەک و راکێشانی پارە لە هەژمارێک دەمەقاڵێ لەنێوانیاندا دروستبووە. تۆمەتبارەکە داوای لە جەمال کردووە بێتە لای پارکەکە و دەستبەجێ بە چەک تەقەی لێکردووە و کوشتوویەتی، دواتریش تەقەی لە دوو براکەی دیکەی کردووە. لە کاتێکدا فەلاح زاوای تۆمەتبارەکە بووە و هاوکات دایکی بکوژ و دایکی قوربانییەکانیش پێکەوە لە گەشتی عومرەدان.
سەبارەت بە رێکارە یاساییەکانیش، پۆلیسی ئاکرێ بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ 4 تۆمەتبار دەرکردووە، لە کاتێکدا پێشتر سێ تۆمەتبار دەستگیر کراون، هەوڵەکان بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباری سەرەکی بەردەوامە و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە بەردەوامیی هەیە.
AM:09:13:24/10/2026
ئهم بابهته 412
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت