کڕین و فرۆشتنی جۆرە دەرزییەک لە هەرێم قەدەغەکرا و لە بازاڕەکان دەکشێندرێتەوە
وێستگەنیوز-
لەبەر سەلامەتیی هاووڵاتییان و پاراستنی تەندروستیی گشتی، بەڕێوەبەرایەتیی کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان (KMCA) بڕیاریدا بە راگرتنی مامەڵەی کڕین و فرۆشتن و بەکارهێنانی جۆرە دەرزییەک، هاوکات فەرمانی کشاندنەوەی سەرجەم باچەکانی ئەو دەرمانەی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دەرکرد.
بەپێی راگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتیی KMCA، بڕیارەکە تایبەتە بە دەرزیی "فلوفینازین - Fluphenazine Decanoate" لەژێر ناوی بازرگانیی (Monasan Inj. 1 ml Amp)، بەتایبەتی هەردوو ژمارە نۆرەی (250879) و (251988) کە بڕیاری کشاندنەوەیان لە سەرجەم بازاڕەکانی دەرمان لە هەرێمی کوردستان دراوە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەم رێکارە دوای گەیشتنی نووسراوی فەرمیی سەنتەری عێراقی بۆ چاودێریکردنی دەرمان لە وەزارەتی تەندروستیی عێراق بە ژمارە 78950 گیراوەتەبەر، کە پشتبەستووە بە راپۆرتی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) تایبەت بە سیستەمی جیهانیی چاودێریکردن و بەدواداچوونی بەرهەمە پزیشکییە خەوشدار و ساختەکان.
بەڕێوەبەرایەتیی کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان داوا لە تەواوی ناوەندە دەرمانسازییەکان، کۆگاکان و دەرمانخانەکانی هەرێمی کوردستان دەکات کە بە زووترین کات پرۆسەی فرۆشتن و دابەشکردنی ئەو بەرهەمە پزیشکییە رابگرن.
PM:01:49:23/10/2026
ئهم بابهته 356
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت