ئەنەکەسە داوا لە رەوەندی کوردی دەکات بەشداری لە خۆپیشاندانەکانی ئەوروپادا نەکەن
وێستگەنیوز-
نوێنەرایەتیی ئەوروپای ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سوریا (ئەنەکەسە) داوا لە کچان و کوڕانی رەوەندی کوردی دەکات خۆیان لە بەشداریکردن لەو زنجیرە خۆپیشاندانە بەدوور بگرن کە بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگەدا لە ئەڵمانیا و چەند دەوڵەتێکی دیکەی ئەوروپا بەڕێوەبچن.
نوێنەرایەتیی ئەنەکەسە لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا روونیکردەوە، چەند لایەنێکی سیاسیی ئەوروپی بانگەوازیان بۆ خۆپیشاندانێک کردووە کە بڕیارە رۆژی 31ی 10ی 2026 لە ئەڵمانیا و پاشان لە چەند وڵاتێکی دیکەی ئەوروپادا ئەنجام بدرێت، بۆیە داوا لە گەنجانی کورد دەکەن بە هیچ شێوەیەک بەشداریی تێدا نەکەن، ئەمەش لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندی و دەستکەوتەکانی رەوەندی کوردی و دوورکەوتنەوە لە هەر لێکەوتەیەکی نەرێنی کە کاریگەری لەسەر پێگەی کورد لە تاراوگە دروست بکات.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، رەوەندی کوردی بە بایەخەوە دەڕوانێتە ئەو ئاسایش، هەلی کار، پرۆسەی خوێندن و ئەو ئازادییەی کە لەلایەن وڵاتانی ئەوروپا بەتایبەتی ئەڵمانیاوە بۆیان دابینکراوە؛ بۆیە پێویستە کوردانی تاراوگە بە وریایی و بەرپرسیارانە هەڵسوکەوت بکەن، یەکڕیزیی خۆیان بپارێزن و بەرژەوەندیی گشتی بخەنە پێش هەموو شتێکەوە تا پەیوەندییە ئەرێنییەکانیان لەگەڵ کۆمەڵگە ئەوروپییەکان بەهێزتر بمێنێتەوە.
ئەم خۆپیشاندانە چاوەڕوانکراوانەی گەنجان و خوێندکاران کە رێکخستنیان لەلایەن دەستپێشخەرییەکانی "نەوەی زێد چارەسەری دەکات" یان "نەوەی زێد رادەپەڕێت" ئەنجامدراوە، لە کاتێکدایە پێشتر زنجیرەیەک ناڕەزایەتیی هاوشێوە لە فەرەنساوە دەستیپێکردبوو و دواتر بۆ هەریەک لە ئیتاڵیا، ئەلبانیا و یۆنان پەرەی سەندبوو.
PM:12:51:23/10/2026
ئهم بابهته 404
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت