پۆلیسی هەولێر: چەکدارێکی دەمامکدار لە بەردەم دادگای هەولێر هەوڵی تۆڵەسەندنەوەی دابوو دەستگیرکرا

‌

وێستگەنیوز-

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئاشکرایکرد، هێزەکانیان توانیویانە لە بەردەم بینای دادگای بەرایی شارەکە رێگری لە ئەنجامدانی تاوانێکی کوشتن بکەن کە بە مەبەستی تۆڵەسەندنەوە پلانی بۆ داڕێژرابوو، هاوکات کەسی هێرشبەریش دەستگیرکراوە.


پۆلیسی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، رۆژی چوارشەممە 21ی 10ی 2026، لە کاتی بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگاییکردنی دوو تۆمەتبار بە ناوەکانی (هـ. ت) و (م. ت)، کەسێک بە ناوی (م. ج. م) بە چەکەوە هەوڵیداوە پەلاماریان بدات بە مەبەستی تۆڵەسەندنەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەو کەسە دەمامکی بەستبوو تا ناسنامەی ئاشکرا نەبێت، بەڵام تیمەکانی پۆلیس دەستبەجێ چاودێرییان کردووە و پێش جێبەجێکردنی مەبەستەکەی، سەرکەوتووانە پلانەکەیان پووچەڵکردووەتەوە و دەستگیریان کردووە، هەروەها دەست بەسەر چەکەکەشیدا گیراوە.

سەبارەت بە پاشخانی کەیسەکە، پۆلیس ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو دوو تۆمەتبارەی لە دادگا ئامادەکرابوون، تۆمەتبارن بەوەی لە رێکەوتی 25ی 5ی 2024 لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی ئامۆزایەکی خۆیان بە ناوی (ک. ک. م) کوشتووە.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە ئێستادا پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ تۆمەتبارە دەمامکدارەکە کراوەتەوە و رادەستی یاسا کراوە تا رێکاری یاسایی بەرامبەر بگیرێتەبەر.


AM:09:54:23/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 416 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت