هەرێم داوای زیاتر لە 268 ملیۆن لیتر نەوتی سپی لە بەغدا دەکات

‌

وێستگەنیوز –

حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای دابینکردنی زیاتر لە 268 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بە نرخی فەرمی لە حکومەتی عێراق دەکات، تا بەر لە دەستپێکردنی وەرزی سەرما بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش بکرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 22ـی تشرینی یەکەمی 2026، بڵاوکرایەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان داواکارییەکی فەرمیی ئاراستەی بەغدا کردووە بۆ ناردنی زیاتر لە 268 ملیۆن لیتر نەوتی سپی.

لە داواکارییەکەدا هاتووە، پێویستە ئەو نەوتەی بۆ هەرێم دەنێردرێت بە نرخی فەرمی بێت و هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.

هاوکات جەخت لەوە کراوەتەوە کە گرنگە پێش هاتنی وەرزی سەرما نەوتەکە بگاتە هەرێم بۆ ئەوەی ڕێگری لە دروستبوونی قەیرانی سووتەمەنی بکرێت.

هەر بەپێی داواکارییەکەی هەرێم، بڕی نەوتی داواکراو بەپێی پێداویستیی ماڵان دیاریکراوە، بە جۆرێک بۆ هەر خێزانێکی هەرێمی کوردستان بڕی 200 لیتر نەوتی سپی دابین بکرێت.


PM:12:16:22/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 132 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت