دادگای سلێمانی بۆ راگرتنی شێواندنی دیمۆگرافیای كوردستان بریارێكی ده‌ركرد

‌

وێستگەنیوز-

پارێزه‌رێكی راوێژكار ئاشكرایده‌كات، دادگای كارگێڕیی سلێمانی بۆ یه‌كه‌مجار بڕیارێكی مێژویی بۆ راگرتنی شێواندنی دیمۆگرافیای كوردستان ده‌ركرد و ده‌شڵێت، "بڕیاره‌كه‌ قه‌ده‌غه‌ی هه‌ر جۆره‌ خاوه‌ندارێتییه‌ك ده‌كات، ئه‌گه‌ر ئامانج لێی گۆڕانكاریی دیمۆگرافی بێت".

عیماد جاف پارێزه‌ری راوێژكار له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك نوسیویه‌تی، "رۆژی 21ی (تشرینی یه‌كه‌م/10)ی 2026 ، دادگای كارگێڕیی سلێمانی له‌ دۆسیه‌ی داوای ژماره‌ (57/ك/2026)، بڕیارێكی مێژویی و بوێرانه‌ی ده‌كرد، بۆ پاراستنی ناسنامه‌ی دانیشتوان له‌هه‌رێمی كوردستان، بریاره‌كه‌ وه‌رچه‌رخانێكی دادوه‌ریی گه‌وره‌یه‌، بۆ یه‌كه‌مینجاره‌ له‌ دادگاكانی هه‌رێمی كوردستان بریارێكی له‌مشێوه‌یه‌ ده‌رده‌چێت".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، "دادگا بڕیاریدا به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی فه‌رمانی كارگێڕیی ژماره‌ (6448 لــه‌ 6/6/2016)ی پارێزگای سلێمانی، كه‌ ره‌زامه‌ندیان داوه‌ به‌ (تۆماركردنی شوقه‌و خانو به‌ ناوی هاوڵاتیانی عێراقی و هاوڵاتیانی بیانی به‌ هاوشێوه‌ی هاوڵاتیانی سلێمانی...). له‌ژێر ناوی گه‌شه‌پێدانی بواری گه‌شتیاری و ئابوری، فه‌رمانی پارێزگار هۆكاربوه‌ بۆ كۆچی به‌ لێشاوی نیشته‌جێبونی هه‌میشه‌یی هاوڵاتیانی ناوه‌ڕاست و خواری عێراق بۆ هه‌رێمی كوردستان، شێواندنی پێكهاته‌ی ڕه‌سه‌نی شاری سلێمانی كه‌ ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی ئامانجه‌كانی ده‌ستوری هه‌میشه‌ی عێراقه‌، بۆ رێگریكردن له‌ گۆرانكاری دیمۆگرافی (التغییر الدیمغرافی للسكان)، پێشێلكردنی مافه‌ ده‌ستوری و یاساییه‌كانی هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان".

ده‌شڵێت، "به‌هۆی لێشاوی كۆچكردنی نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب بۆ هه‌رێمی كوردستان، ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌ هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌ كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم له‌مه‌ترسیدایه‌، خۆمان پێشوازیان لێده‌كه‌ین له‌ژێر ناوی گه‌شه‌ی ئابوری و وه‌به‌رهێنان له‌ سێكته‌ری نیشته‌جێبون، كه‌ ده‌رئه‌نجام ده‌بێته‌ سڕینه‌وه‌یه‌كی هێواشی ناسنامه‌ی كوردبون و كوردستانی بونمانه‌".

 
عیماد جاف باسی له‌وه‌شكردوه‌، "ئه‌م هه‌نگاوه‌ی ئێمه‌ سه‌ره‌تایه‌كه‌ بۆ موماره‌سه‌كردنی مافه‌ ده‌ستوریه‌كانی خه‌ڵكی ره‌سه‌نی كوردستان، كه‌ له‌ ده‌قی مادده‌ی (23/سێیه‌م/ ب)، به‌ شێوه‌ی ره‌ها(موتڵه‌ق) قه‌ده‌غه‌ی هه‌ر جۆره‌ خاوه‌ندارێتییه‌ك ده‌كات، ئه‌گه‌ر ئامانج لێی گۆڕانكاریی دیمۆگرافی بێت، فه‌رمانه‌كه‌ پێچه‌وانه‌ی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراقه‌ به‌ ژماره‌ (65/ئیتحادی/2023) له‌ رۆژی 23ی (ته‌مموز/7)ی 2013، ئێمه‌ وه‌ك پارێزه‌ری خاك و خه‌ڵك به‌رده‌وام ده‌بین له‌ گرتنه‌به‌ری رێكاره‌ یاساییه‌كان بۆ چه‌سپاندنی مافی نه‌ته‌وه‌ی و پاراستنی دیمۆگرافی كوردستان".


PM:08:19:21/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 508 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت