پسپۆرێكى بواری نەوت بۆ وێستگەنیوز: پەسەندكردنی یاسای نەوت و غازیش ناكۆكییەكانی نێوان بەغدا و هەرێمی كوردستان چارەسەر ناكات

‌

وێستگه‌نیوز – محەمەد فاتیح

پسپۆرێكى بواری نەوت و وزە ئاشكرای كردووە ناكۆكییەكانی نێوان بەغدا و هەرێمی كوردستان لەسەر نەوت بەردەوامە.


عاسم جیهاد، پسپۆری بواری نەوت و وزە و وتەبێژی پێشووی وەزارەتی نەوتی عێراق تایبەت بە وێستگەنیوزی ڕاگەیاند، "ئەگەر چی هەندێك لێكتێگەیشتن لە بواری نەوت كراوە لە نێوان بەغدا و هەرێمی كوردستان بەڵام ناكۆكییەكانی نێوانیان هەر بەردەوامە".

وتیشی، "كێشەكانی نێوان بەغدا و هەرێمی كوردستان خۆی دەبینێتەوە لە كامیان بڕیار لەسەر نەوتی هەرێم بدەن و دەسەڵاتەكان لای كامیان بێت، هەروەها كێشەی گرێبەست و پابەندبوونی یاسایی لەگەڵ ناكۆكی لەسەر ڕادەستكردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی و پشكی هەرێم لە بودجە و دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرەكانی".

عاسم جیهاد پێی وایە، "تەنانەت پەسەندكردنی یاسای نەوت و غازیش ناكۆكییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا چارەسەر ناكات ئەگەر كۆمەڵێك ڕێكار نەگیرێتەبەر و مافی پارێزگاكانی وەبەرهێنەری نەوت ڕێكنەخرێتەوە، لەگەڵ گەڕانەوە بۆ دەستوور و بڕیارە دادوەرییەكان".


AM:09:40:21/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 384 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت