ئاژانسی تەسنیم: ئۆکرانیا هەزاران درۆنی بچووکی لە هەرێمی کوردستان جێگیر کردووە
وێستگەنیوز-
ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم"ی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، سەرچاوەیەکی ئەمنی ئاشکرای کردووە کە هێزەکانی سەر بە دەوڵەتی ئۆکرانیا تۆڕێکی ئۆپەراسیۆنیی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەگەڵ هەزاران درۆنی زۆر بچووکیان لە هەرێمی کوردستانی عێراق و ژمارەیەک وڵاتی دیکەی دەوروبەری ئێران جێگیر کردووە.
ئەو سەرچاوە ئەمنییە ئاماژەی بەوە کردووە، زانیارییەکانی تایبەت بەو وڵاتانەی میوانداری لە هێز و درۆنە ئۆکرانییەکان دەکەن پارێزراون و لە کاتی پێویستدا دەخرێنەڕوو، هاوکات جەختیشی کردەوە کە تاران ئەم هەنگاوەی کیێڤ وەک بەشێک لە رەوتی دوژمنکارییەکانی وڵاتانی ئەوروپا و هاوپەیمانیی ناتۆ دژ بە ئێران لێکدەداتەوە و بژاردەی تایبەتیشی بۆ وەڵامدانەوەی لەبەرچاو گرتووە، بەوپێیەی کۆماری ئیسلامی باڵادەستیی هەواڵگریی بەسەر جووڵەکانی ئۆکرانیادا هەیە و رێگە نادات ئەو هەوڵانە هەنگاوی باش بەدەستبهێنن.
بەپێی راپۆرتەکەی تەسنیم، لە کاتی جەنگی 40 رۆژەی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران، ئۆکرانیا لە رێگەی درۆنەوە هاوکاری پێشکەشی لایەنە ناکۆکەکان و ئەو وڵاتانە کردووە کە میوانداری بنکەکانی ئەمریکا دەکەن لە کەناراوەکانی کەنداوی فارس. سەرچاوەکە باسی لەوەش کردووە، پێشتر ئۆکرانیا دەستی لە هێرشکردنە سەر کەشتییەکی ئێرانی لە دەریای خەزەر هەبووە بەڵام تاران لەو کاتەدا چاوپۆشی لێکردووە.
ئاژانسە ئێرانییەکە لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەیدا ئیدیعای ئەوە دەکات کە پێشتریش باس لە هەبوونی هێزەکانی ئۆکرانیا لە رۆژئاوای ئاسیا کراوە بە ئامانجی ئەنجامدانی کردەوەی تێکدەرانە و مەشقپێکردن بە بەکارهێنانی درۆن، هەروەها دەڵێت لە هاوینی ساڵی 2025 پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکردنی سێ ئۆکرانیی راگەیاندووە کە سەرپەرشتی راهێنانی گرووپێکی ناوخۆییان لە بواری بەکارهێنانی درۆنی بچووکدا کردووە بە مەبەستی ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆر.
راپۆرتەکە دەزگا ئەمنییەکانی ئۆکرانیای تۆمەتبار کردووە بەوەی لە بەرامبەر پارەدا وەک بەکرێگیراوی ئەمریکا، بەریتانیا و ئیسرائیل لە ناوچەکە کار دەکەن، ئاماژەی بەوەش داوە کە یەکەم دەرکەوتنی ئۆکرانییەکان بۆ هێرشەکەی سەر رێوڕەسمی دەرچوونی کۆلێژی ئەفسەری لە حومسی سووریا لە مانگی مێهری ساڵی 2023 دەگەڕێتەوە، کە بەپێی سەرچاوە رووسییەکان لەژێر رێنوێنیی ئەواندا ئەنجامدراوە و زیاتر لە 100 کوژراوی لە کەسوکاری ئەفسەرە سوورییەکان لێکەوتەوە.
AM:09:22:21/10/2026
ئهم بابهته 392
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت