هاتووچۆی هەرێم دەنگۆی پێدانی تابلۆی ئەمنی بە ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا رەتدەکاتەوە و هۆشداریی دەدات

‌

وێستگەنیوز-


بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان هەواڵی پێدانی کۆد و تابلۆی ئەمنی بە ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و تۆمارنەکراو بە توندی رەتدەکاتەوە و جەخت دەکاتەوە، هەر ئۆتۆمبێلێک تابلۆی فەرمی هاتووچۆی نەبێت، بە بێ تابلۆ هەژمار دەکرێت و لە کاتی دەرکەوتنیدا رووبەڕووی رێکاری تووندی یاسایی دەبێتەوە.

 

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو دەنگۆیانەی لە هەندێ کەناڵی میدیاییدا باس دەکرێن هیچ پەیوەندییەکیان بە هاتوچۆوە نییە، وە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ تاکە لایەنی فەرمین بۆ تۆمارکردن و پێدانی تابلۆ بە ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیل لەبەر رۆشنایی یاسا و رێنماییەکان لە هەرێمی کوردستان.


هۆشداریشی دا لەوەی بەدەر لە رێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ و هاتووچۆ، هیچ دامەزراوەیەکی دیکە بۆی نییە بە هیچ ناوێک و بۆ هیچ هۆکارێک رێکار بۆ تۆمارکردنی ئۆتۆمبێل دابنێت، دەشڵێت، هەر ئۆتۆمبێلێک لە یەکێک لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆی هەرێم تابلۆی فەرمی پێنەدرابێت، یان هەڵگری تابلۆی پارێزگاکانی عێراق یان تابلۆی بیانیی فەرمی نەبێت، بە بێ تابلۆ ئەژمار دەکرێت و تیمەکانی پۆلیسی هاتوچۆ رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگرنە بەر.


PM:09:40:20/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 200 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت