ئاسایشی هەولێر: کەسایەتییەکی ناسراوی سۆشیاڵ میدیا و تەقەکەرێک دەستگیر کران

‌

وێستگەنیوز-

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر لە روونکردنەوەیەکدا دەستگیرکردنی دوو تۆمەتباری رووداوێکی تەقەکردنی لە شاری هەولێر راگەیاند، کە یەکێکیان کەسایەتییەکی ناسراوی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە.


ئەمڕۆ سێشەممە 20ی ئۆکتۆبەری 2026، ئاسایشی هەولێر بڵاویکردەوە، لە رێکەوتی 29ی 9ی 2026 لە گەڕەکی 99ی زانکۆ لە شاری هەولێر، لەسەر ماتۆڕسکیلێکەوە تەقە لە ماڵی هاوڵاتی (فاطمە ابراهیم) کراوە. دوابەدوای رووداوەکە، تیمی تاوانی بەڕێوەبەرایەتییەکە لێکۆڵینەوەکانی دەستپێکرد و ناسنامەی تەقەکەری سەرەکیی بە ناوی (م، ع، ع) ئاشکرا کرد، پاشان بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچوو.

ئاسایش ئاماژەی بەوە کردووە، تۆمەتبار (م، ع، ع) پاش ئەنجامدانی تاوانەکە بەرەو دەرەوەی هەرێمی کوردستان هەڵاتبوو، بەڵام لە کاتی گەڕانەوەیدا بۆ نێو هەرێم، لەلایەن هێزەکانیانەوە دەستگیر کراوە.

لە درێژەی لێکۆڵینەوەکاندا، تۆمەتبارێکی دیکەش بە ناوی (ع، م، ف) دەستگیر کراوە کە کەسێکی ناسراوی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە. لە کامێراکانی چاودێریدا دەرکەوتووە کە لە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکەدا یاوەریی تەقەکەرەکەی کردووە و ماڵی هاوڵاتی (فاطمە)ی بۆ دەستنیشان کردووە.

بەپێی راگەیەندراوەکە، تۆمەتبار (ع، م، ف) سەرەڕای ئەم بەشداریکردنەی، تۆمەتبارە بەوەی پێشتریش هانی کەسێکی دیکەی داوە تەقە لە هەمان ماڵ بکات، ئەوەش بەهۆی بوونی کێشە لەگەڵ کوڕی ئەو ماڵە کە ناوی (زرار)ـە.

لە هەمان کاتدا، (زرار) خۆیشی تۆمەتبارە بەوەی پێشتر تەقەی لە نووسینگەی خانوبەرەی (ع، م، ف) کردووە و لە ئێستادا بەرەو دەرەوەی هەرێمی کوردستان هەڵاتووە.

ئاسایشی هەولێر دووپاتیکردووەتەوە کە لێکۆڵینەوە لەگەڵ تۆمەتبارانی دەستگیرکراو و وردەکاریی زیاتری ئەم رووداوە بەردەوامە.


PM:12:24:20/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 320 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت