وەزیری ناوخۆی هەرێم: نابینە هەڕەشە بۆ سەر هیچ وڵاتێک و بیانوو بۆ هێرشکردنە سەرمان نییە
وێستگەنیوز-
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا تیشکی خستە سەر دۆخی ئەمنیی ناوچەکە، هێرشە بەردەوامەکان بۆ سەر هەرێم، مەترسییەکانی داعش و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.
ئەمڕۆ سێشەممە 20ی تشرینی یەکەمی 2026، رێبەر ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد کە ماوەیەکی درێژە بە درۆن و مووشەک هێرش دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان، گوتیشی: "بە بیانووی جیاواز هێرش دەکرێتە سەرمان، لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان شوێنێکی ئارام و پەناگەیە بۆ هەر کەسێک پێویستی بە پاراستن بێت. ئێمە نابینە بەشێک لە کێشەکانی ناوچەکە و هەڕەشەش بۆ سەر هیچ وڵاتێکی دراوسێ دروست ناکەین، هەربۆیە هیچ بیانوویەک بۆ بەئامانجگرتنمان بوونی نییە و داوا دەکەین هەمووان رێز لەم هەڵوێستە بگرن".
دەربارەی دۆخی داعش، وەزیری ناوخۆ ئەو بۆچوونانەی رەتکردەوە کە باس لە کۆتاییهاتنی مەترسییەکانی ئەو رێکخراوە دەکەن و روونیکردەوە: "زانیارییە هەواڵگرییەکان پشتڕاستی دەکەنەوە کە جموجۆڵی رۆژانەی داعش هەیە و قوربانیشی لێ دەکەوێتەوە". ئاشکراشی کرد کە چەکدارانی ئەو رێکخراوە سود لە بۆشاییە ئەمنییەکان دەبینن، هەربۆیە ئەو 2 لیوا هاوبەشەی پێشتر لەگەڵ بەغدا پێکهێنراون بەس نین و پێویستە لە رێگەی درێژەدان بە گفتوگۆکان، لیوای هاوبەشی زیاتر لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەکان پێکبهێنرێت.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، رێبەر ئەحمەد جەختی لەوە کردەوە کە بەتایبەت لە دوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان، پێویستییەکی زۆر هەیە کە هەردوولا لە ئاڵوگۆڕی زانیاری، ئەنجامدانی چالاکیی هاوبەش و داڕشتنی ستراتیژ هەماهەنگییەکانیان زیاتر بکەن، دەستووری هەمیشەیی عێراقیش مەرجەعی سەرەکییە بۆ چارەسەری کێشەکان. هاوکات پشتیوانیی هەرێمی کوردستانی بۆ کابینەی نوێی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی دووپاتکردەوە تاوەکو بەرنامەکەی سەرکەوتوو بێت لە هێنانەدیی سەقامگیری، راشیگەیاند کە لەگەڵ وەزیری نوێی ناوخۆی عێراق پەیوەندی و هەماهەنگیی ئەمنیی بەردەوامیان دەبێت.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە کۆبوونەوە و رێککەوتنی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران، وەزیری ناوخۆی هەرێم بە کورتی رایگەیاند: "ئێمە لەو کۆبوونەوەیەی بەغدا بەشدار نەبووین، بۆیە لێدوان لەسەر کۆبوونەوەیەک نادەم کە تێیدا ئامادە نەبووبین".
AM:10:50:20/10/2026
ئهم بابهته 144
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت