وەزیری شەهیدان: لەسەر زیادکردنی مینحەی کەسوکاری شەهیدان رێککەوتووین و دۆسیەکانیان ناگوازرێنەوە بۆ بەغدا
وێستگەنیوز-
عەبدوڵڵا حاجی مەحمود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بە میدیای رووداوی راگەیاند، رێککەوتن کراوە لەسەر زیادکردنی مینحەی کەسوکاری شەهیدانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی هاوتاکانیان لە عێراق، بەبێ ئەوەی دۆسیەکانیان بگوازرێتەوە بۆ بەغدا.
وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان ئاماژەی بەوە کرد، زیادکردنی مینحەکە نزیکەی 69 هەزار کەس لە کەسوکاری شەهیدان دەگرێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش داوای 81 ملیار دینار کراوە. روونیشیکردەوە کە مینحەی شەهیدی هاوڵاتی بۆ 600 هەزار دینار زیاد دەکرێت و مووچەی زیندانیانی سیاسی دەگاتە 1 ملیۆن و 200 هەزار دینار.
عەبدوڵڵا حاجی مەحمود باسی لەوەش کرد کە وەزیری دارایی عێراق پشتیوانی خۆی بۆ دۆسیەکەیان دەربڕیوە، هەروەها جەختی کردەوە کە لیستی زیندانیان و شەهیدان بەپێی یاسا ئامادەکراون و هیچ رێگرییەکی حزبی لە کارەکانیاندا نەبووە.
سەبارەت بە دۆسیەکانی دیکەش، وەزیری کاروباری شەهیدان ئاشکرای کرد کە رێککەوتن لەسەر هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان کراوە. هاوکات جەختیشی کردەوە کە بەپێی یاسا، هەر کەسێک رەگەزنامەی عێراقی نەبێت، ناتوانرێت وەک شەهیدی هەرێمی کوردستان مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
AM:08:48:19/10/2026
ئهم بابهته 172
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت