لە شارەزوور و سیتەک پێنج کەس بە تۆمەتی راوکردنی نایاسایی و بڕینەوەی دار دەستگیر کران

‌

وێستگەنیوز-


 

لە چوارچێوەی هەڵمەتە بەردەوامەکاندا بۆ پاراستنی سامانی سروشتی و ژینگە، هێزەکانی پۆلیسی دارستان و ئاسایشی سلێمانی توانییان پێنج کەس لە سنووری شارەزوور و سیتەک بە تۆمەتی ڕاوکردنی نایاسایی و بڕینەوەی داری سروشتی دەستگیر بکەن و دەست بەسەر کەرەستە و ئۆتۆمبێلەکانیاندا بگرن.

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، لە چالاکییەکدا مەفرەزەیەکی بەشی پۆلیسی دارستانی شارەزوور لە سنووری گوندی تەپەکەل دوو کەسیان بە تۆمەتی راوی نایاسایی دەستگیرکردووە، کە هەستابوون بە راوکردنی دوو باڵندەی پۆڕ، وە لەو ئۆپەراسیۆنەدا دەست گیرا بەسەر چەکی تاپڕ، فیشەک، ئۆتۆمبێلێک و چەند کەرەستەیەکی تری راوکردندا.

لە چالاکییەکی تریشدا لە سنووری گوندی خەمزەی سیتەک، مەفرەزەیەکی پۆلیسی دارستان هاووڵاتییەکیان بە تۆمەتی بڕینەوەی داری سروشتی دەستگیر کرد و دەستی بەسەر دارە بڕاوەکاندا گرت، هاوکات هێزەکانی ئاسایشی سلێمانیش لە هەمان سنوور دوو هاووڵاتیی دیکەیان بە تۆمەتی بڕینی دار دەستگیر کرد و دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێلێکدا گرت و بۆ رێکارە یاساییەکان رادەستی پۆلیسی دارستانیان کردن.

لە کۆتاییدا، پۆلیسی دارستان جەختی لەوە کردەوە، سەرجەم دەستگیرکراوەکان پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ رێکخراوە و بۆ وەرگرتنی سزای یاسایی رادەستی دادوەری لێکۆڵینەوە کراون.


PM:04:31:17/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 252 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت