میدیای تورکیا: پەکەکە بە چاودێریی میت و حکومەتی هەرێم 4 کەمپی لە کوردستان چۆڵ کردووە
وێستگەنیوز-
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی "تورکیا گازەتەسی"، لە چوارچێوەی هەنگاوەکانی پرۆسەی چەکدانان و بە چاودێریی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت)، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) 4 کەمپی سەربازی و لۆجستی لە دەڤەری مەتینای سەر بە هەرێمی کوردستان چۆڵ کردووە.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە، هەنگاوەکە لە چوارچێوەی پرۆسەی ناسراو بە "تورکیای بێ تیرۆر" ئەنجام دراوە و کەمپەکانی (خەبات، یاژک، سەبری و ساسۆن) لە مەتینا چۆڵ کراون، بەپێی پلانەکە دوای وەستانی یەکجارەکیی تەواوی چالاکییەکانی ئەو رێکخراوە، ئەندامەکانی لە چوارچێوەی یاسای نوێی چاکسازیدا تێکەڵ بە کۆمەڵگە دەکرێنەوە.
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا هاتووە، سەرچاوە هەواڵگرییەکان پشتڕاستیان کردووەتەوە کە زۆربەی کۆگا سەرەکییەکانی چەک رادەست کراون، بەڵام تا ئێستاش بە بەهای نزیکەی 1 ملیار دۆلار چەک لە دەستی چەکدارەکاندایە؛ کە لە نێویاندا زیاتر لە 80 مووشەکی دوورهاوێژ بە مەودای 50 کیلۆمەتر و زیاتر، تۆپ و چەکی دژەفڕۆکە، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) و کەرەستەی پێشکەوتووی جەنگی ئەلیکترۆنی هەن و لێکۆڵینەوەیان لەبارەوە بەردەوامە.
پرۆسەی کۆکردنەوە، گواستنەوە و تۆمارکردنی چەکەکان لە رێگەی ژوورێکی هاوبەشی ئەمنییەوە لە نێوان ئەنقەرە، بەغدا و هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنەکانی سلێمانی بەڕێوەدەچێت، بڕیاریشە دوای پشکنینی وردی ئەشکەوت و مۆڵگەکانی مەتینا، قۆناغی دواتر ناوچەکانی گارە و خواکوڕک بگرێتەوە تاوەکو دەگاتە قەندیل بە مەبەستی جێبەجێکردنی تەواوەتیی یاسای چوارچێوەی ئاشتی.
رۆژنامە تورکییەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە، چۆڵکردنی گارە و خواکوڕکیش بە هەماهەنگیی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت و چیای قەندیل وەک خاڵی کۆتایی بۆ کۆبوونەوەی چەکدارانی پەکەکە دەستنیشان کراوە بۆ ئەوەی لەوێوە بگەڕێنەوە تورکیا، هاوکات بژاردەی گواستنەوەی سەرکردایەتیی پەکەکە بۆ وڵاتی سێیەم خراوەتە بەرباس و لێکۆڵینەوە.
PM:12:36:17/10/2026
ئهم بابهته 264
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت