شارەزاییەكی دەستووری بۆ وێستگەنیوز: ئەو مادەیەی لاهور شێخ جەنگی پێ‌ سزا دراوە نا دەستوورییە

‌

وێستگه‌نیوز – محەمەد فاتیح

شارەزایەكی دەستووری و یاسایی ئاشكرای كردووە ئەو مادانەی دادگای سلێمانی لاهور شێخ جەنگی سەرۆكی بەرەی گەلی پێ‌ سزا داوە نادەستوورییە.


ئازاد دۆسكی، پارێزەر و شارەزای دەستووری و یاسایی تایبەت بە وێستگەنیوزی ڕاگەیاند، "مادەی 55 و 56 لە یاسای سزادانی عێراقی تاوەكو باسی 59ش پێناسەی تاوانەكە دەكات و باسی سزادانی ئەگەری بوونی ئەو تاوانە دەكات و ئەم مادانە لە یاسای سزادانی عێراقی لە ژمارە 111ی ساڵی 1969 دانراوە و بەو پێیە مادەكانی 55 تاوەكو 59 لە نێوانیاندا مادەی 56 كە لاهور شێخ جەنگی پێ‌ حوكم دراوە لە پێش داڕشتنی دەستووری عێراقدا دانراوە، چونكە دەستووری عێراق لە ساڵی 2005 دانراوە و ئەو مادانە نادەستوورین".

ڕوونیشیكردەوە، "مادەی 56 لە یاسای سزادانی عێراقی لەگەڵ دەستووردا دژ بەیەكن بەپێی بەشی یەكەمی دەستووری عێراق كە پێی دەوترێت بەشی ماف و ئازادییەكانی هەموو هاوڵاتیانی عێراق بە هەرێمی كوردستانەوە".

دووپاتیشیكردەوە، "دەبوو دادگای سلێمانی بۆ دادگاییكردنی لاهور شێخ جەنگی پشتی بە مافە دەستوورییەكان ببەستایە لە نەبوونی ڕەگەزی تاوان یان لە شروع نەكردن لە ئەنجامدانی تاوان لەژێر درووشمی ڕێكەوتنی تاوان(الاتفاقیة الجنائیة).

ئازاد دۆسكی، بۆ وێستگەنیوز باسی لەوەشكرد، "ڕێكەوتنی تاوان(الاتفاقیة الجنائیة) كە لاهور شێخ جەنگی پێ‌ سزا دراوە بەهەمان شێوە لە یاسای سزادانی میسری لە مادەی 48 ئاماژەی پێكراوە و لە ساڵی 2001 چەند پارێزەرێك لە دادگای دەستووری باڵای میسر تانەیان لێدا و لە وەڵامدا دادگاكە بڕیاریدا كە بوونی ڕێكەوتنی تاوان (الاتفاقیة الجنائیة) لەناو یاسای سزادان دژ بەیەكن لەگەڵ مافە دەستوورییەكان و هەڵيوەشاندەوە".


PM:12:06:17/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 432 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت