فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا: ئێران ناتوانێت دەستی بگات بە 25 ملیار دۆلار داهاتی نەوت
وێستگەنیوز-
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا
(سێنتکۆم) لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، ئێران ناتوانێت دەستی بگات بە 25 ملیار دۆلار لە داهاتی هەناردەکردنی نەوت، هیچ هاوردە و
هەناردەیەکی دەریایی نییە، ئەمریکاش بڕی 350 ملیۆن دۆلار لە دراوی کریپتۆی ئەو وڵاتەشی سڕ کردووە.
سێنتکۆم دەشڵێت، جگە لەم گەمارۆ و سڕکردنانە، ئێران لە
چەندین کەرتی سەرەکیی ئابووریدا رووبەڕووی کورتهێنانی قووڵ بووەتەوە، لەوانە،
کەرتی وزە، نەوت، پیشەسازیی قورس، بەرهەمهینانی ئۆتۆمبێل، فڕۆکەوانی، بیناسازی،
ئاسایش و سوپا.
ئاماژەی بەوەش کرد، فشاری دارایی لەسەر سوپای پاسداران
ئەوەندە توند بووە کە راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن، میلیشیاکانی لایەنگری ئێران
ناچار بوون پارە لە مووچەی چەکدارەکانی خۆیان ببڕن بۆ ئەوەی بۆ سوپای پاسدارانی
بنێرن، لە کاتێکدا خودی سوپای پاسداران ناتوانێت پارە و مووچە بە سەربازەکانی
خۆیشی بدات.
جەختیشی لەوە کردەوە، ئەم پێشهاتانە بە روونى ئاماژەن بۆ
بێتوانایی ئێران لە دابینکردنی بودجە بۆ گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران، تۆڕە
تاوانکارییەکان و هێرشەکانی دژی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، هاوکات توانای تاران بۆ
نوێکردنەوە و گۆڕینی چەک و دامەزراوە پیشەسازییە لەناوچووەکانی پەکخستووە، کە
ئەمەش نیشانەی دەرکەوتنی بێهیواییەکی گەورەیە لەناو ریزەکانی سوپای پاسداراندا.
PM:11:16:16/10/2026
ئهم بابهته 300
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت