نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی لە جێگرانی سەرۆک وەزیران و تەواوبوونی کابینەی حکومەتی عێراق دەکات

‌

وێستگەنیوز-


نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ لە رێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە، پیرۆزبایی لە موحسین مەندەلاوی و لەیس خەزعەلی وە محەمەد جەبووری کرد بە بۆنەی هەڵبژاردنیان وەک جێگرانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و دەستبەکاربوونیان لە پۆستە نوێیەکانیاندا.

بەپێی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لەو سێ پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی، هیوای خواست کە لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان و لەپێناو خزمەتکردنی زیاتری وڵات و هاووڵاتییاندا سەرکەوتووبن.

لە لایەکی ترەوە، سەرۆکی هەرێم پیرۆزبایی لە ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ و ئەندامانی حکومەت کرد، بە بۆنەی تەواوبوونی پێکهاتەی کابینەی وەزارییەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە که ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، پەرلەمانی عێراق دەنگیدا لەسەر متمانەدان بە سێ جێگری سەرۆک وەزیران و 11کاندیدی وەزارەتە چۆڵەکان (جگە لە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران)، بەمەش کابینەی نوێی حکومەتی عێراق بە فەرمی تەواو بوو.


PM:05:41:16/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 192 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت