شەپۆلێکی بارانبارین هەرێم دەگرێتەوە

‌

وێستگەنیوز-

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان و شارەزایەکی کەشناسی پێشبینی دەکەن، لە ئەمڕۆ هەینی 16ی 10ی 2026 تا پێشنیوەڕۆی سبەی شەممە 17ی 10ی 2026، شەپۆلێکی بارانبارین لەگەڵ تاوەباران، هەورەبرووسکە و دابەزینی پلەکانی گەرما روو لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێم بکات.


بەپێی راگەیەندراوێکی کەشناسیی هەرێم، ئەمڕۆ ئاسمان هەوری تەواو دەبێت و بارانبارین لە زۆربەی ناوچەکان بە پچڕپچڕی بەردەوامی دەبێت، هەروەها لە هەندێک کاتدا دەگۆڕێت بۆ تاوەباران و هەورەبرووسکە، چاوەڕوانیش دەکرێت زۆرترین رێژەی دابارین لە سنووری ئیدارەی سۆران و ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای دهۆک بێت, پلەکانی گەرماش لەمڕۆدا بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ بە رێژەی 1 بۆ 3 پلە دادەبەزن.

سەبارەت بە کەشوهەوای سبەی شەممە، کەشناسی ئاماژەی بەوە کردووە کە ئاسمان لەنێوان نیمچەهەور بۆ هەوری تەواو دەبێت، نمەباران و بارانی مامناوەند لە کات و شوێنی جیاواز بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان دەبارێت، بەڵام لە دوای نیوەڕۆوە کەش سەقامگیر دەبێتەوە و پلەکانی گەرماش نزیک دەبن لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ.

هاوکات لە لای خۆیەوە، پشتیوان پێنجوێنی، شارەزای کەشناسی ئاماژەی بەوە کردووە، لە مەودای نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی بۆ پێشنیوەڕۆی سبەی شەممە، ناوچەکانی هەولێر، دهۆک، موسڵ و دەوروبەری کەرکوک زیاتر هەوراوی دەبن و ناوبەناو بارانبارین بەردەوام دەبێت؛ هەندێک کاتیش تاوەبارانی بەخوڕ، هەورەگرمە، هەورەبرووسکەی بەهێز، چالاکبوونی با و دابەزینی بەرچاوی پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی کاتی روودەدات.

ئەو شارەزایەی کەشناسی ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارەی گەرمیان و دەوروبەری ئیدارەی راپەڕین ئاسمان بەگشتی نیمچەهەور دەبێت و بۆ ماوەی کاتی دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو، بەڵام دۆخەکە بۆ بارانبارین لەم ناوچانە هێندە لەبار نییە و ئەگەر ببارێت کەم دەبێت، هەروەها سبەی شەممە پلەکانی گەرما بە رێژەی 3 پلە دادەبەزن.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی شەممە لە شارەکانی هەرێم:

(هەولێر: 31، سلێمانی: 30، دهۆک: 28، هەڵەبجە: 32، زاخۆ: 29، سۆران: 32، گەرمیان: 35، حاجی ئۆمەران: 20) پلەی سیلیزی.


PM:12:25:16/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 204 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو