وەزارەتی گواستنەوە بڕیاری بلۆککردنی سەرجەم ماڵپەڕ و ئەپڵیکەیشنەکانی قومار و گرەوکردنی دەرکرد
وێستگەنیوز-
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بە نوسراوێکی فەرمی داوا لە تەواوی کۆمپانیاکانی دابینکردنی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت دەکات، سەرجەم ماڵپەڕ، ئەپڵیکەیشن و پلاتفۆرمەکانی تایبەت بە قومار و گرەوکردنی ئەلیکترۆنی (Betting) قەدەغە و بلۆک بکەن.
بەگوێرەی نوسراوی فەرمیی وەزارەت بە ژمارە 3718 کە لە بەرواری 13ی تشرینی یەکەمی 2026 دەرچووە، بڕیارەکە پاڵپشت بە ماددەکانی 389 و 390 لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ی ساڵی 1969ی هەموارکراو دەرکراوە، ئەوەش لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی، ئاسایشی کۆمەڵایەتی و جێبەجێکردنی یاسا و رێنماییەکان لە هەرێمی کوردستان.
لە نوسراوەکەدا هاتووە، پێویستە کۆمپانیاکان هەموو رێکارە تەکنیکی و کارگێڕییەکان بگرنەبەر بۆ قەدەغەکردن و بلۆککردنی تەواوەتی ئەو ماڵپەڕ و ئەپانەی بە شێوەی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ خزمەتگوزاریی یاریی قومار و گرەوکردن پێشکەش دەکەن یاخود ئاسانکارییان بۆ دەکەن، هاوکات ماوەی 15 رۆژ لە رێککەوتی دەرچوونی بڕیارەکەوە دیاریکراوە بۆ جێبەجێکردنی.
وەزارەتی گواستنەوە ئاماژەی بەوەش کردووە، پێویستە کۆمپانیاکان مانگانە راپۆرتی خولی سەبارەت بە رێکارە گیراوەبەرەکان پێشکەش بکەن، هەروەها هەر ماڵپەڕ و ئەپێکی نوێ دوای کۆنتڕۆڵکردن دەربکەوێت، بە هەمان شێوە بێ دواکەوتن بلۆک بکرێت.
لە کۆتایی بڕیارەکەدا هۆشداری دراوە کە لە ئەگەری جێبەجێ نەکردن یان کەمتەرخەمی لە وادەی دیاریکراودا، بەرپرسیاریەتی یاسایی دەکەوێتە ئەستۆی کۆمپانیاکان و بەپێی یاسا و رێنماییە بەرکارەکان رێکاری توندی یاسایی و کارگێڕییان لەسەر دەگیرێتەبەر، هاوکات لیستێک بە ناوی بەشێک لەو ماڵپەڕ و ئەپڵیکەیشنانەی بڕیارەکە دەیانگرێتەوە هاوپێچ کراوە.
AM:11:04:16/10/2026
ئهم بابهته 480
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت