حکومەتی هەرێم پرۆسەی لەجیاتیدانان دەستپێدەکات؛ نزیکەی 20 هەزار کەس دەدامەزرێنرێن

‌

وێستگەنیوز –

حکومەتی هەرێمی کوردستان پرۆسەی لەجیاتیدانانی بۆ پڕکردنەوەی میلاکی بەتاڵی وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا ڕاگەیاند، پرۆسەکە هەزاران وانەبێژ، یەکەمەکان و خاوەن بڕوانامە باڵاکان دەگرێتەوە.

سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی بڕیاری پرۆسەی لەجیاتیدانانی بۆ هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی خستە بواری جێبەجێکردنەوە و لە ڕێگەی نووسراوێکی فەرمییەوە جەختی لەسەر ڕێکخستنی میلاکات کردەوە.

بەپێی زانیارییەکان، بڕیارەکە تایبەتە بە پڕکردنەوەی شوێنی ئەو مامۆستا، وانەبێژ و فەرمانبەرانەی کە بە شێوازی گرێبەست لەسەر میلاکی هەردوو وەزارەتەکە ڕاستەوخۆ لەسەر داهاتی ناوخۆ دامەزرابوون، بەڵام بەهۆی خانەنشینبوون، دەست لەکارکێشانەوە یان بە هەر هۆکارێکی دیکە لە کارەکانیان بەردەوام نین، شایستە داراییەکانی ئەم شوێنپڕکردنەوانەش بە تەواوی لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەبێت.

لە چوارچێوەی هەمان بڕیاردا، داوا لە وەزارەتی دارایی و ئابووری و ئەنجوومەنی ڕاژە کراوە بە هەماهەنگی، ڕەشنووسی ڕێنمایی و ڕێکارە پێویستەکان ئامادە بکەن و ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی بکەن بۆ پەسەندکردن، دواتر، لە دوای ئەنجامدانی وردبینی لە ناوە پێشکەشکراوەکان، پێڕستی کۆتایی ڕەوانەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێت بۆ بڕیارلێدانی کۆتایی.

پێشبینی دەکرێت لە ڕێگەی ئەم پڕۆسەیەوە نزیکەی 20 هەزار کەس دەرفەتی کار و دامەزراندنیان بۆ بڕەخسێت، کە ئەولەویەت بۆ سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکان دەبێت کە زیاتر لە 16 هەزار دەرچوون، لەگەڵ خاوەن بڕوانامە باڵاکان ماستەر، دکتۆرا و دیپلۆمی باڵا، سەدان وانەبێژی لادراو لە وەزارەتی پەروەردە و زیاتر لە 1,600 مامۆستای وانەبێژی خوێندنی باڵا.


AM:11:46:15/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 284 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت