ئامانج رەحیم: کەمکردنەوەی رێژەی دانیشتووانی هەرێم لە بودجەدا نایاساییە و داوای هەڵوێستێکی یەکگرتوو دەکەم
وێستگەنیوز-
سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئەندامی
شاندی دانوستانکار لەگەڵ بەغدا، بە خستنەڕووی بەڵگە و داتای فەرمی رایگەیاند،
کەمکردنەوەی رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لە رەشنووسی یاسای بودجەی فیدڕاڵی
بۆ ساڵی 2027 پێچەوانەی دەستوور و یاسا و پێوەرەکانی
نەتەوە یەکگرتووەکانە، بۆیە داوای هەڵوێستێکی یەکگرتووی لایەنە سیاسییەکان و
نوێنەرانی کورد دەکات پێش ئەوەی بودجە پەسەند بکرێت.
لە روونکردنەوەیەکدا، ئامانج رەحیم ئاماژەی بەوەدا، لە
بڕگەی یەکەمی ماددەی دەیەمی رەشنووسی بودجەی 2027دا، رێژەی
دانیشتووانی هەرێم بۆ 12.7% کەم کراوەتەوە، لە کاتێکدا لە دوایین سەرژمێریدا 14.14% بووە (لەسەر ئاستی مێژووییش لە ساڵانی 2028و 2022دا 14% بووە). جەختیشیکردەوە، ئەم کەمکردنەوەیە تەنها دەستکاریکردنی ئامار نیە، بەڵکو دەبێتە هۆی
کەمبوونەوەی بەرچاوی شایستە داراییەکان، پڕۆژە و خزمەتگوزارییەکان بۆ هەرێمی
کوردستان.
روونیشی
کردەوە، بەپێی ماددەی 121ـی دەستوور، هەرێم مافی پشکی دادپەروەرانەی لە
داهاتەکاندا هەیە بە رەچاوکردنی رێژەی دانیشتووان، وە هیچ دەسەڵاتێک بە وەزارەتی
پلاندانانی فیدڕاڵ نەدراوە بە تاکلایەنە رێژەی دانیشتووانی هەرێم دەستکاری بکات، هەروەها
ئاماژەی بەوە کرد، کە بەراوردکاری لە داتاکانی ناوچەکانی ماددەی 140 نەکراوە و چەندین سەرپێچیی تر ئەنجام دراون.
بەپێی داتاکان، ژمارەی دانیشتووانی هەرێم لە شەش ملیۆن و519 هەزار و 129کەسەوە کەم کراوەتەوە بۆ پێنجملیۆن و 805 هەزار و 142کەس (کە دەکاتە کەمکردنەوەی 713 هەزار و 987کەس)، لە کاتێکدا لەم ژمارەیە 220 هەزار و 591کەسیان بیانین و عێراقی نین تاوەکو بگەڕێندرێنەوە سەر داتای پارێزگاکانی تری
عێراق، و ئەم رێکارە لە پارێزگاکانی
تریش جێبەجێ نەکراوە.
لە کۆتاییدا، ئامانج رەحیم بانگەوازی لە سەرجەم لایەنە
سیاسییەکان و نوێنەرانی کورد لە بەغدا کرد کە هەڵوێستێکی روون و هاوبەشیان هەبێت
بۆ داکۆکیکردن لە رێژەی راستەقینەی دانیشتووانی هەرێم و راستکردنەوەی ئەم بابەتە
لە رێگەی یاسایی و دامەزراوەییەوە پێش ئەوەی کار لە کار بترازێت و بودجە پەسەند
بکرێت.
PM:11:58:14/10/2026
ئهم بابهته 276
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت