قوباد تاڵەبانی و کونسوڵی گشتیی ئەمریکا تاوتوێی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت دەکەن

‌

وێستگەنیوز-


لە کۆبوونەوەیەکدا لە هەولێر، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و گویندەلن ویندی گرین کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، گفتوگۆیان لەبارەی قۆناغی نوێی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا، عێراق و هەرێمی کوردستان لە دوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان کرد، جەختیشیان لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندییەکان بە تایبەتی لە بوارەکانی ئابووری و بازرگانیدا کردەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە (14ـی تشرینی یەکەمی 2026) بەڕێوەچوو، پرسی گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان تەوەرێکی سەرەکی بوو, هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پێویستیی چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی و لێکتێگەیشتن لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێ.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، پرسی حکوومەتی فیدڕاڵ تاوتوێ کرا و هەردوولا بە گرنگییان زانی لایەنە عێراقییەکان هاوکار بن لە پرۆسەی تەواوکاری کابینەی نوێی حکوومەتی فیدڕاڵدا، تاوەکو سەرجەم پۆستە چۆڵەکان بە زووترین کات پڕ بکرێنەوە.


PM:08:20:14/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 252 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو