ماوەی هاتوچۆی گەشتیاری لە مەرزی کێلێ زیاد کرا

‌

وێستگەنیوز-

قائیمقامیەتی قەزای پشدەر رایگەیاند، دوای هەوڵ و گفتوگۆیەکی زۆر لەگەڵ لایەنی ئێرانی، کاتی هاتوچۆی گەشتیاری لە دەروازەی سنووریی کێلێ درێژکرایەوە و بڕیارەکەش لە سەرەتاى هەفتەى داهاتووەوە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

بەپێی راگەیەندراوێکی قائیمقامیەتی قەزای پشدەر کە ئەمڕۆ سێشەممە 13ـی تشرینی یەکەمی 2026، بڵاوکراوەتەوە، دوای هەماهەنگی لەگەڵ بەرپرسانی ئێران، بەتایبەتی لەگەڵ میرزایی، فەرمانداری سەردەشت و حسێن ئاغا، لێپرسراوی پەیوەندییەکانی سەردەشت، رەزامەندی دراوە لەسەر زیادکردنی کاتەکانی کارکردن لە مەرزەکە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە رۆژی شەممەی داهاتووەوە بەرواری 17.10.2026، ئێران ئامادەیە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە، بەمەش پرۆسەی هاتوچۆی گەشتیاران لە مەرزی کێلێ رۆژانە لە بەیانییانەوە تاوەکو کاتژمێر 6:00ی ئێوارە بەردەوام دەبێت.

پێشتر کاتی هاتوچۆی گەشتیاری لە مەرزی کێلێ تەنیا تاوەکو کاتژمێر 4:00ی عەسر بوو، بەڵام بەم بڕیارە نوێیە 2 کاتژمێر بۆ کاتی کارکردن زیاد کراوە. ئەوەش خراوەتەڕوو کە ئەم خشتە نوێیە رۆژانی هەینی ناگرێتەوە.

مەرزى کێلێ، مەرزێکى نافەرمى هەرێمى کوردستانە کە دەکەوێتە سنوورى پشدەر لە ئیدارەى راپەڕین، هەرێمى کوردستان بە رۆژهەڵاتى کوردستان و ئێران دەبەستێتەوە.


PM:05:15:13/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 360 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت