قاسم عەبودی: کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا مەرجدارە و دۆسیەی شنگال زۆر ئاڵۆزە
وێستگەنیوز-
قاسم عەبودی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە میانەی بەشداریکردنی لە "دیداری مێری"، چەندین پەیامی سەبارەت بە دۆخی ئەمنی، کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و هەڵوێستی وڵات بەرامبەر پرسە هەرێمییەکان خستەڕوو.
عەبودی لە وتەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق مەرجدارە بەوەی تا چەند هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەستیان بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو دەگات، هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە ئێستا دۆخی ئەمنیی عێراق سەقامگیرترە و وڵات خاوەنی هێزێکی ئەمنیی یەکگرتووە، هەروەها ئاشکرای کرد کە پێشنیازیان کردووە سندووقێک بۆ عێراق دابمەزرێت دژی تیرۆر بێت.
پەیوەست بە پرسی گرووپە چەکدارەکان و دۆخی ناوخۆ، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی روونیکردەوە کە هەندێک لە گرووپەکانی عێراق رەتیانکردووەتەوە چەکەکانیان دابنێن، لەبارەی شنگالیشەوە وتی: "دۆسیەی شنگال زۆر ئاڵۆزە، بەڵام ئەو هێزانەی لە شنگالن لە ناو ریزەکانی هێزەکانی عێراق شوێنیان دەکرێتەوە".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لەسەر سیاسەتی دەرەوە، عەبودی جەختی لەوە کردەوە کە عێراق لە ناوچەکەدا وڵاتێکی بێلایەنە و بۆ هیچ دەوڵەتێک نەبووەتە هەڕەشە، هەروەها ناچێتە ناو هیچ هاوپەیمانییەکەوە دژی هاوپەیمانییەکی دیکە، هاوکات وتیشی: "نامانەوێت پەکەکە لە عێراقەوە ببێتە هەڕەشە بۆ سەر تورکیا".
لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد، عێراق سەرچاوەیەکی گرنگی وزەیە لە جیهاندا و سەقامگیری و بوژانەوەی ئابوورییەکەی بۆ وڵاتانی دیکەش گرنگییەکی تایبەتی هەیە.
AM:10:43:13/10/2026
ئهم بابهته 116
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت