بافڵ تاڵەبانی لە دیداری مێری پەیامێک ئاراستەی پارتی دەکات و هەڵوێستی لەسەر پرسە ناوخۆیی و هەرێمایەتییەکان دەخاتەڕوو

‌

وێستگەنیوز-

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە میانی بەشداریکردنی لە دیداری مێری لە هەولێر، پەیامێکی راستەوخۆی ئاراستەی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد سەبارەت بە پرۆسەی حوکمڕانی و پێکهێنانی حکومەت و رایگەیاند، یەکێتی نە دەیەوێت و نە پێشی دەکرێت بەبێ بەشداریی پارتی حوکمڕانی بکات، جەختیشی کردەوە کە ئامادەن بۆ هەموو جۆرە رێککەوتنێکی دادپەروەرانە لەگەڵیاندا.


سەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا دەرفەتێکی لەبارە بۆ هەردوولا و وتی: "هەموو دونیا ئاڵۆزە، ئەگەر ئێمە یەکبگرین دەتوانین عێراق بەڕێوەببەین و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگۆڕین، کێشەکانمان بچووکن و هیچی وا نین، وەرن با دانیشتنەکان دەستپێبکەینەوە و کۆببینەوە چونکە دڵمان پاکە".

لە بارەی پەیوەندییان لەگەڵ لایەنەکانی دیکە، بافڵ تاڵەبانی باسی لە رێککەوتنی نێوان حزبەکەی و جوڵانەوەی نەوەی نوێ کرد و روونیکردەوە کە ئەوان رێککەوتنێکی جدییان هەیە و وتی: "ئێمە رێککەوتنمان لەگەڵ نەوەی نوێ هەیە بەڵام قبووڵی ناکەن، ئاخر تۆ کێیت ئیعتراف بە رێککەوتنەکە ناکەیت؟ لە کاتێکدا رێککەوتنمان لەگەڵ نەوەی نوێ دەرفەتێکی گەورەیە بۆ پارتی، هەروەها لە بۆچوونی هەندێک لایەنیش تێناگەم".

سەبارەت بە پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا، سەرۆکی یەکێتی جەختی کردەوە کە توانیویانە پەیوەندییەکانی سەردەمی مام جەلال زیندوو بکەنەوە و وتی: "سەرۆک وەزیرانی عێراق بەرامبەر بە کورد رەگەزپەرست نییە و هیچ ناکۆکییەکی لەگەڵ کورددا نییە، عێراقێکی بەهێز و دەوڵەمەند بە واتای کوردستانێکی بەهێز و دەوڵەمەند دێت، چونکە ئەگەر دۆخی بەغدا خراپ بێت، دۆخی هەرێمی کوردستانیش خراپ دەبێت"، ئاماژەی بەوەش دا کە لە ناوخۆی عێراقدا دوو هێزی دەسەڵاتدار هەن کە ئەمریکا و ئێرانن.

لە تەوەرێکی دیکەی قسەکانیدا، بافڵ تاڵەبانی باسی لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیا و دۆسیەی کورد لەو وڵاتە کرد و روونیکردەوە، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەنقەرە لە ئاستێکی زۆر باشدایە و بە تەواوی ئاسایی بووەتەوە، پێشبینیش دەکات لە قۆناغی داهاتوودا زیاتر بەرەوپێش بچێت. وتیشی: "پێویستە هەموومان پشتگیری لە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا بکەین، لەو بارەیەوە پێشوازیمان لێکراوە و هاوئاهەنگین، کێشەی پەکەکەش دەکرێت لە رێگەی دیالۆگ و وتووێژەوە چارەسەر بکرێت".

سەبارەت بە رۆژئاوای کوردستان، سەرۆکی یەکێتی پشتیوانیی تەواوی خۆی دووپاتکردەوە و رایگەیاند: "یەکێتی وەکو کورد سەیری رووداوەکان دەکات، بۆیە چی لە تواناماندا بێت بۆ کوردی رۆژئاوا درێغی ناکەین و هەر داواکارییەک لەلایەن ئەوانەوە لە ئێمە بکرێت، بە تەواوی ئامادەین بۆ جێبەجێکردنی".
دەربارەی پەیوەندییە هەرێمایەتییەکان لەگەڵ تاران و پرسی چەکدارانی عێراق، ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە سەبارەت بە مەترسییەکان لەگەڵ ئێران هاوئاهەنگن، دەتوانرێت بە هاوکاریی تاران دۆخێک بێتە کایەوە ئەو لایەنانەی عێراق چەک دابنێن و بێنەوە ناو حکومەت، هاوکات ئارەزووی خۆی دەربڕی کە هاوکار بن لە چارەسەرکردنی کێشەی کوردانی ئێرانیشدا.

لە کۆتایی لێدوانەکانیدا، سەرۆکی یەکێتی تیشکی خستەسەر هاوسەنگی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و رایگەیاند: "من شانازی بە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئێران، رووسیا و ئەمریکا دەکەم، متمانەمان لای ئەمریکا و ئێرانیش هەیە، بەڵام یەکێتی هەرگیز پیاوی کەس نەبووە و پیاوی کەسیش نابێت". هۆشداریشی دا لەوەی تەواوی ناوچەکە لەژێر مەترسییەکی گەورەدایە و دۆخی ئابووریی جیهانیش رووبەڕووی کێشە بووەتەوە، روونیشیکردەوە کە نابێت چاوەڕێی پێشکەوتنی ئابووری بکرێت تا ئەو کاتەی پرسی گەرووی هورمز چارەسەر نەکرێت.


PM:12:29:12/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 188 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو