وەزارەتی ژینگەی عێراق روونکردنەوەیەکی لەبارەی رشتنی پاشماوە پزیشکییەکان بۆ ناو دیجلە و تووشبوون بە ئایدز بڵاوکردەوە
وێستگەنیوز-
وەزارەتی ژینگەی
عێراق رایگەیاند، هۆشدارییەکانی وەزیر لەبارەی رشتنی پاشماوە پزیشکییەکان و ئاوی
پیسی چارەسەرنەکراوی نەخۆشخانەکان بۆ ناو رووباری دیجلە، لە چوارچێوەی
ئاگادارکردنەوە بووە لە دەرئەنجامە ژینگەیی و تەندروستییە مەترسیدارەکانی ئەم
کردارانە، جەختیشی کردەوە، ڤایرۆسی ئایدز (HIV) لە رێگەی
خواردنی ماسییەوە ناگوازرێتەوە.
وەزارەتی ژینگە لە
راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، هەندێک رووماڵی راگەیاندن بە شێوازێکی زانستیی
نادروست لێدوانەکانی وەزیریان بڵاوکردووەتەوە، بەهۆی ئەوەی ڕشتنی پاشماوەکان و
ئەگەری گواستنەوەی ڤایرۆسی ئایدزیان لە رێگەی خواردنی ماسییەوە پێکەوە بەستۆتەوە،
بەڵام بەپێی راستییە زانستی و پزیشکییە باوەڕپێکراوەکان، ئەو ڤایرۆسە نە لە رێگەی
خواردنی ماسی و نە لە رێگەی خوارنەوەی ئاو یان خۆراکەوە ناگوازرێتەوە.
جەختیشی لەوە کردەوە، پێشتر لەسەر بنەمای
بەرپرسیارێتیی چاودێری و یاسایی خۆی باری لەناکاوی ژینگەیی راگەیاندووە و راستییەکان
ناشارێتەوە و لە ئاشکراکردنی سەرپێچییە ژینگەیییەکان کەمتەرخەمی ناکات، هەروەها
ئاماژەی بە رووبەڕووبوونەوەی سەرپێچیکاران کرد کە تێوەگلانی هەر لایەنێک لە
کردارێکدا بسەلمێت زیان بە هاووڵاتییان بگەێنێت یان تەندروستییان بخاتە
مەترسییەوە، رووبەڕووی لێپرسینەوەی تووند دەبێتەوە.
هاوکات وەزارەتی
ژینگە داوای لە دەزگاکانی راگەیاندن کرد، راستگۆیی و بەرپرسیارێتی لە گواستنەوەی
لێدوانەکان بپارێزن و دووربکەونەوە لە زێدەڕۆیی و دروستکردنی دڵەڕاوکێی بێبنەما لە
نێو هاووڵاتییاندا.
PM:04:37:11/10/2026
ئهم بابهته 408
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت