قوباد تاڵەبانی: لە دوای مام جەلالەوە، پێگەی یەکێتی هەرگیز وەک ئێستا بەهێز نەبووە
وێستگەنیوز-
لە سەردانەکەیدا بۆ قەزای کۆیە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی لەبارەی پێگەی یەکێتییەوە دا و ڕایگەیاند، لە دوای کۆچی دوایی مام جەلالەوە، پێگەی حزبەکەیان هەرگیز وەک ئێستا بەهێز نەبووە و لە ئێستادا متمانەپێکراوترین هێزی سیاسییە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 11ـەی تشرینی یەکەمی 2026، قوباد تاڵەبانی لەگەڵ کوردە عومەر، لێپرسراوی مەڵبەند و ئەندامانی ئەنجوومەنی مەڵبەندی 14ـەی ڕێکخستنی کۆیەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە گرنگیی پێگەی کۆیە کرد بۆ یەکێتی و داوای لە ئەندامانی مەڵبەندەکە کرد زیاتر لە جاران خۆیان ماندوو بکەن بۆ ئەوەی ببنە داکۆکیکاری ڕاستەقینەی مافەکانی سەرجەم چین و توێژەکانی ئەو شارە.
هاوکات سیاسەت و هەڵوێستی یەکێتی بۆ ئامادەبووان ڕوونکردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە حزبەکەیان بە سەرۆکایەتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی، بە تەواوی پابەندە بەو بەڵێنانەی کە بە خەڵکی کوردستان و دەنگدەرانی داوە.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، تیشکی خستە سەر پێگەی یەکێتی لەسەر ئاستی کوردستان، عێراق و ناوچەکە و دووپاتیکردەوە کە لە هەموو پرسە چارەنووسسازەکاندا حیساب بۆ بۆچوون و هەڵوێستەکانیان دەکرێت، بەهۆی ڕوونیی سیاسەتەکانیشیوە، ئەمڕۆ یەکێتی بووەتە متمانەپێکراوترین هێزی سیاسیی گۆڕەپانەکە.
PM:03:35:11/10/2026
ئهم بابهته 504
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت