سیپان شێروانی: پێنەدانی دۆلار بە بازرگانانی هەرێم هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخەکانە
وێستگەنیوز-
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، پێنەدانی دۆلاری فەرمی بە بازرگانانی هەرێمی کوردستان و نەگەیشتن بە رێککەوتن لەسەر سیستەمی "ئەسیکۆدا"، هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە بازاڕ و گرانبوونی کاڵا و کەلوپەلە لە تەواوی وڵاتدا.
سیپان شێروانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لە هەژماری تایبەتی خۆی بڵاویکردەوە، دروستبوونی جیاوازی لە نێوان نرخی فەرمی و نرخی بازاڕ (موازی)ی دۆلار دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی خواست لەسەر دۆلار زیاتر بووە بەراورد بە خستنەڕوو، روونیشیکردووەتەوە: "لە ساڵانی دواییدا بەهۆی رێکارەکانی خەزێنەی ئەمریکاوە خستنەڕوو سنووردار کراوە، بۆ پڕکردنەوەی ئەو خواستەش پەنا بۆ بازاڕ دەبرێت کە ئەمەش چارەسەرەکەی لای خەزێنەی ئەمریکایە".
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە دوای جێبەجێکردنی سیستەمی "ئەسیکۆدا"، پێدانی دۆلار بە بازرگانانی هەرێمی کوردستان راگیراوە، چونکە تا ئێستا هەولێر و بەغدا لەسەر جێبەجێکردنی ئەو سیستەمە لە هەرێم نەگەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی، ئەمەش راستەوخۆ بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە بازاڕەکان و گرانبوونی شتومەک.
سیپان شێروانی جەختیشی کردووەتەوە: "پێویستە سەرۆک وەزیران زەیدی پەلە بکات لە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر سیستەمی ئەسیکۆدا و پێدانی دۆلار بە بازرگانانی هەرێم، چونکە ئەوە مافێکی دەستووریی بازرگانانە و کاریگەریشی لەسەر دۆخی تەواوی عێراق دروستکردووە".
هەروەها ئەوەشی خستووەتەڕوو، تا کاتێک رێکارەکانی خەزێنەی ئەمریکا بەردەوام بن و رێگە نەدرێت بەبێ سانسۆر دۆلار بخرێتەڕوو، جیاوازیی نرخی فەرمی و نرخی بازاڕ هەر بەردەوام دەبێت، بەڵام بڕی جیاوازییەکە دەگۆڕێت.
ئەمە لەکاتێکدایە، حکومەتی عێراق بەهۆی دابەزینی داهاتی نەوت و قەیرانی داراییەوە پەنای بردووەتە بەر بەرزکردنەوەی نرخی فەرمیی دۆلار، بە جۆرێک بەرزکردنەوەی نرخەکە بۆ 1,500 دینار نزیکەی 19 تریلیۆن دینار لە کورتهێنانی بودجە کەم دەکاتەوە. هاوکات بانکی ناوەندی رایگەیاندووە نرخەکە لەسەر بنەمای 1,500 دینار جێگیر کراوە و گۆڕانکاریی بەسەردا نایەت، شارەزایانیش هۆشداری دەدەن کە بەرزبوونەوەی دۆلار بە رێژەی نزیکەی 20% دەبێتە هۆی گرانبوونی کاڵا و خۆراکی هاوردەکراو و کەمبوونەوەی توانای کڕینی مووچەخۆران.
PM:12:08:11/10/2026
ئهم بابهته 296
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت