سەرۆکایەتیی هەرێم بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی ریاز دەکات

‌

وێستگەنیوز-

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا، بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کرد کە کرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید لە ریازی پایتەختی عەرەبستانی سعوودیە و بووە هۆی کەوتنەوەی ژمارەیەک قوربانی و بریندار لە ریزی هاوڵاتییانی مەدەنیدا.


لە راگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمدا هاتووە: "پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمیمان ئاراستەی سەرکردایەتی، حکومەت و خەڵکی شانشینی عەرەبستانی سعوودیە و کەسوکاری قوربانییان دەکەین و هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ برینداران دەخوازین". هەروەها هاتووە: "پشتیوانی و هاوسۆزیمان لەگەڵ شانشینی عەرەبستانی سعوودیە دووپات دەکەینەوە ‌و جەخت لە پێویستیی پاراستنی گیانی خەڵکی سڤیل، راگرتنی گرژییەکان و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە دەکەینەوە".

ئەم هەڵوێستەی سەرۆکایەتیی هەرێم هاوکاتە لەگەڵ ئەوەی دەسەڵاتدارانی سعوودیە رایانگەیاندووە کە هێرشەکە، سێیەمین هێرشە لە ماوەی چەند رۆژێکی کەمدا بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ریاز ئەنجام بدرێت، ئەمەش لە کاتێکدا گرووپی حوسییەکانی یەمەن کە هاوپەیمانی ئێرانن، هێرشەکانیان بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی شانشینەکە چڕتر کردووەتەوە.

بەپێی نوێترین راگەیەندراوی دەستەی فڕۆکەوانیی مەدەنیی سعوودیە، بەهۆی هێرشەکەوە لانیکەم 12 کەس گیانیان لەدەستداوە کە لەنێویاندا چوار هاوڵاتیی سعوودی، دوو هاوڵاتیی بەنگلادیش، و هاوڵاتییەکی هەر یەک لە وڵاتانی ئەمریکا، ئوردن، فەلەستین، سووریا، سوودان و میسر هەن، هاوکات ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتووەتە 309 کەس.


AM:11:09:11/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 132 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو