بەڕێوەبەرایەتی بازرگانی خۆراکی سلێمانی پێکهاتەی سەبەتەی شەشەم رادەگەیەنێت
وێستگەنیوز-
بەڕێوەبەرایەتی بازرگانیی کەلوپەلی خۆراکی سلێمانی لە ئاگادارینامەیەکدا داوا لە سەرجەم بریکارەکانی دابەشکردنی خۆراک (لە بنکەکانی 261 و 262 لە ناو شار و دەرەوەی شار) دەکات، سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکە بکەن بە مەبەستی رادەستکردنی پارەی سەبەتەی شەشەمی خۆراکی ساڵی 2026، کە تایبەتە بە داتای مانگی 9ی 2026.
بەپێی راگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتییەکە، لە ئەمڕۆ یەکشەممە 11ی تشرینی یەکەمی 2026ەوە، تەنها 2 رۆژ مۆڵەت دەدرێت بە بریکارەکان بۆ ئەوەی پارەکە بە شێوەی کاش لە رێگەی بانکی جنوبی ئیسلامییەوە تەواو بکەن، هەروەها جەخت لەوە کراوەتەوە کە پێویستە بریکارەکان لەگەڵ خۆیاندا کارتی بانکی و کۆپییەک لە کارتی نیشتمانی بهێنن.
خۆراکی سلێمانی هۆشداری توندیش دەداتە بریکارەکان و ئاماژە بەوە دەکات، هەر بریکارێک لە ماوەی دیاریکراودا ئامادە نەبێت و دوابکەوێت لە رادەستکردنی پارەی خۆراک، ئەوا لەسەر بنەمای بڕیاری وەزارەتی بازرگانیی بەغدا بەپێی یاسا غەرامە دەکرێت و سزا دەدرێت.
هاوکات لە لیستێکی هاوپێچدا کە ئاراستەی بنکەکانی (261 تا 292 لە ناو شار و دەرەوەی شار) کراوە، بڕی ماددە خۆراکییەکانی سەبەتەی شەشەم بۆ هەر هاوڵاتییەک بەمشێوەیە دیاریکراوە:
برنج: 3 کیلۆگرام
شەکر: 1 کیلۆگرام
زەیتی خواردن: 1 لیتر
نیسک: 500 گرام
لەپکە نۆک (یان بەزالیا): 500 گرام
دۆشاوی تەماتە: 400 گرام
لە کۆتایی ئاگادارینامەکەشدا، داوا لە بریکارەکانی ناوشار و دەرەوەی شار کراوە لە کاتی دابەشکردنی بەشەخۆراکەکەدا وردبین بن و هەر ماددەیەکی خراپ و نەشیاو بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش نەکەن، بەڵکو لە ماوەی 3 رۆژدا پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتی خۆراکەوە بکەن تاوەکو کۆمپانیای دابینکار بە شێوەیەکی گونجاو ماددە خراپەکانیان بۆ بگۆڕێت.
AM:09:37:11/10/2026
ئهم بابهته 400
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت