کەشناسیی عێراق: شەپۆلێکی باران، خۆڵبارین و دابەزینی پلەکانی گەرما ناوچەکان دەگرێتەوە

‌

وێستگەنیوز-

دەستەی کەشناسیی عێراق پێشبینییەکانی کەشوهەوای بۆ ڕۆژانی داهاتوو بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، شەپۆلێکی بارانبارین، هەورەبروسکە و خۆڵبارین چەند ناوچەیەک دەگرێتەوە و پلەکانی گەرماش ڕوو لە دابەزین دەکەن.


ئەمڕۆ شەممە 10ـەی تشرینی یەکەمی 2026، دەستەی کەشناسی و بومەلەرزەزانی عێراق، وردەکاریی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوای بۆ چەند ڕۆژی داهاتوو ئاشکرا کرد.

بەپێی پێشبینییەکانی دەستەکە، سبەی یەکشەممە، کەشوهەوا بەگشتی نیمچە هەور دەبێت، لەگەڵ بارانبارینی مامناوەند و هەندێکجار بەخوڕ و بوونی هەورەبروسکە لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای ناوەڕاست و باکووری وڵات.

هاوکات لە ناوچەکانی ناوەڕاست پێشبینی دروستبوونی خۆڵبارینێکی سووک دەکرێت.

ئاستی بینین بەگشتی زۆر باش دەبێت 8-10 کم، بەڵام لە کاتی بارانباریندا کەم دەبێتەوە بۆ 5-7 کم.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی یەکشەممە لە پارێزگاکان بەم شێوەیە دەبێت:

دهۆک و سلێمانی: 29 پلە
هەولێر و نەینەوا: 32 پلە
کەرکوک و ئەنبار: 33 پلە
سەڵاحەدین: 35 پلە
بەغدا، بابل و کەربەلا: 36 پلە
دیالە و نەجەف: 37 پلە
دیوانیە: 38 پلە
واست و موسەننا: 39 پلە
میسان و زیقار: 40 پلە
بەسرە: 41 پلە گەرمترین پارێزگا دەبێت.

سەبارەت بە ڕۆژی دووشەممە، دەستەی کەشناسی ئاماژەی بەوە کردووە کە ئاسمان نیمچە هەور دەبێت لەگەڵ بارینی بارانی کەم لە باکوور و بەشەکانی ڕۆژئاوای ناوەڕاست. پلەکانی گەرما لە ناوچەکانی باکوور و ناوەڕاست دادەبەزن، بەڵام لە باشوور جێگیر دەبن.

بۆ ڕۆژی سێشەممە، پێشبینی دەکرێت ئاسمان هەوراوی بێت لەگەڵ بارانبارینی پچڕپچڕی سووک و هەورەبروسکە لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باکوور، لە کاتێکدا لە باشوور نیمچە هەور دەبێت و پلەکانی گەرما گۆڕانکارییەکی ئەوتۆیان بەسەردا نایەت.

ڕۆژی چوارشەممەش، ئاسمان نیمچە هەور بۆ هەوراوی تەواو دەبێت لەگەڵ ئەگەری کەمێک باران لە هەندێک ناوچە، پلەکانی گەرماش لە ناوەڕاست کەمێک بەرز دەبنەوە.


AM:10:52:10/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 408 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو