فەرهاد شامی: دیمەنەکانی حەسەکە سەردەمی داعشمان بەبیردەهێننەوە
وێستگەنیوز-
فەرهاد شامی، بەڕێوەبەری پێشووی ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، ئەو رووداو و دیمەنانەی لە شاری حەسەکە تۆمارکراون، بیرەوەرییە ناخۆشەکانی سەردەمی دەسەڵاتی داعشیان بیرهێناوەتەوە و نیگەرانییەکی قووڵیشیان سەبارەت بە سەرهەڵدانەوەی توندڕۆیی دروستکردووە.
فەرهاد شامی لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو خۆپیشاندانەی لە حەسەکە لەژێر سایە و پاراستنی هێزە ئەمنییە ناوەندییەکانی حکومەتی دیمەشقدا بەڕێوەچوو، مایەی نیگەرانییەکی جددییە بۆ گەڕانەوەی توندڕەوی بۆ ناوچەکە.
ناوبراو رەخنەی لە کەمبوونەوەی بایەخی نێودەوڵەتی و گۆڕانی لەپێشینەی هاوپەیمانان گرتووە و رونیکردووەتەوە: "لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، ئەو قوربانییانەی لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا لەلایەن هەسەدە و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە لە شەڕی دژ بە داعش دراون، بەهۆی کەمبوونەوەی گرنگیدانی نێودەوڵەتییەوە لەبەردەم مەترسیی بەفیڕۆچووندان."
بەڕێوەبەری پێشووی ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە جەختی لەوەش کردووەتەوە، ئەو هەڕەشە پەرەسەندووانەی رووبەڕووی کورد، مەسیحییەکان و سەرجەم پێکهاتەکانی ناوچەکە دەبنەوە، پێویستیان بە هەڵوێستێکی بەپەلە و هەنگاوی یەکلاکەرەوەی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هەیە، پێش ئەوەی هاووڵاتییانی مەدەنی جارێکی دیکە باجی پشتگوێخستن بدەن.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا فەرهاد شامی باسی لەوە کردووە، پێویستە چاودێری و بەدواداچوونی جددیی نێودەوڵەتی بۆ دۆخی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بکرێت و نابێت رێگە بدرێت ئاسایشی پێکهاتەکان بخرێتە بەردەم رەحمی توندڕۆیی پەرەسەندوو و بەرژەوەندییە پێچەوانەبووەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
AM:10:43:10/10/2026
ئهم بابهته 272
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت