بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێم؛ هەواڵگریی عێراق تیرۆریستێکی مەترسیداری لە هەولێر دەستگیر کرد

‌

وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ پێنجشەممە 8ی تشرینی یەکەمی 2026، ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، لە میانی ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیی تایبەتدا ، توانیویانە ئەندامێکی مەترسیداری گرووپە تیرۆریستییەکان لە ناو شاری هەولێر دەستگیر بکەن.

بەپێی راگەیەندراوی ئاژانسەکە، ئۆپەراسیۆنەکە لەژێر سەرپەرشتیی راستەوخۆی بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری هەواڵگری و بە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ لایەنە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە. دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکەش دوای بەدواداچوونی هەواڵگریی ورد و بەدەستهێنانی ئەنجامی تەکنیکی هاتووە کە وایکردووە شوێنی حەوانەوەی بە تەواوی دەستنیشان بکرێت.

ئاماژە بەوەش کراوە، دەستگیرکراوەکە بەپێی ماددەی 4 لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر داواکراو بووە، بەهۆی ئەوەی لە ماوەکانی رابردوودا بەشداریی لە ئەنجامدانی چەندین ئۆپەراسیۆن و هێرشی تیرۆریستیدا کردووە و لەدەست یاسا هەڵاتبوو.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، لە کاتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکەدا دەست بەسەر بڕێک پارە بە دراوی بیانی، چەند پاسپۆرتێک و ژمارەیەک کارتی بانکیدا گیراوە، کە لە ماوەی خۆحەشاردان و هەڵاتنیدا لە دەستی دادپەروەری بەکاریهێناون.

ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵی جەختی لەوەش کردووەتەوە کە بەردەوام دەبن لە راوەدوونانی سەرجەم داواکراوان لە هەر شوێنێک بن تا رادەستکردنیان بە دادگا، هاوکات ئەم ئۆپەراسیۆنەش لە چوارچێوەی هەوڵە هاوبەشەکانی نێوان هەولێر و بەغدایە بۆ چڕکردنەوەی هەماهەنگییە هەواڵگرییەکان و دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی لە یاسا یاخی بوون.


PM:01:42:08/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 308 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت