دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی بۆ هەفتەی داهاتوو دواخرا؛ هەر 12 گیراوەکەی لالەزار تۆمەتەکانیان رەتکردەوە

‌

وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ پێنجشەممە 8ی تشرینی یەکەمی 2026، دانیشتنی دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی و گیراوانی لالەزار لە کاتژمێر 9:15ی سەرلەبەیانی دەستیپێکرد و دوای تاوتوێکردنی دۆسیەکە، دادوەر بڕیاریدا دادبینییەکە بۆ رۆژی پێنجشەممەی هەفتەی داهاتوو دوابخرێت.


ئاریان بورهان، پارێزەری دۆسییەی کەیسی لاهور شێخ جەنگی و گیراوانی لالەزار بەوێستگەنیوزی راگەیاند، لە دەستپێکی دانیشتنەکەدا دادوەر تۆمەتەکانی ئاراستەی هەر 12 گیراوەکەی لالەزار کردووە، بەڵام سەرجەمیان بە یەکدەنگ تەواوی ئەو تۆمەتانەیان رەتکردووەتەوە کە رووبەڕوویان کرابووەوە.

هەروەها جیاوازیی دانیشتنی ئەمڕۆش لە دانیشتنەکانی پێشوو لەوەدابووە، کە لە رابردوودا بەشێک لە گیراوان دانیان بە هەندێک لە تۆمەتەکاندا نابوو، بەڵام ئەمڕۆ سەرجەمیان رەتیانکردەوە.

لەلایەکی دیکەوە، بنەوشە رەفیق، ئەندامی دەستەی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی و گیراوانی لالەزار ئاشکرای کرد، لە دادگادا لاهور شێخ جەنگی داوای لە دادوەر کردووە کە نابێت ئەم هەموو دواخستنە لە دۆسیەکەدا بەردەوام بێت و پێویستە بە زوویی سەرجەم رێکارە یاساییەکان ئەنجام بدرێن.

لە بارەی کەشوهەوای بەڕێوەچوونی پرۆسەکەش، لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆدا رەوشی دادگا بە تەواوی ئاسایی بووە و هیچ جۆرە توندوتۆڵییەکی ئەمنی پێوە دیار نەبووە، لە ئەنجامیشدا دادوەر بڕیاریداوە دادگاییکردنەکە بۆ پێنجشەممەی هەفتەی داهاتوو دوابخرێت.


AM:10:30:08/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 284 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت