کارەبای سلێمانی هۆکارەکانی بڕینی کارەبای ماڵان و رێکارەکانی هەڵکردنەوەی دەخاتەروو
وێستگەنیوز -
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی لە روونکردنەوەیەکی
فەرمیدا چوار هۆکاری سەرەکیی کوژانەوەی کارەبای ماڵانی خستەڕوو و رایگەیاند، نەدانی
پارەی پسوولەی مانگانە دوای 50 رۆژ لە دابەزینی لە سیستمی
"ئیندرا" و "ئی-پسوولە"، هۆکاری یەکەمە بۆ بڕینی کارەباکە.
ئاشکراشی کرد، لە حاڵەتی دانی پارەکەدا، لە ماوەی24 کاتژمێردا کارەبا خۆکارانە
هەڵدەبێتەوە، ئەگەر لەو ماوەیەدا هەڵنەبووەوە، هاووڵاتییان دەتوانن پەیوەندی بە
هێڵی گەرمی (1992) بکەن، کە تیمە تایبەتەکان رۆژانە
تا کاتژمێر 12ـی شەو ئامادەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە و
هەڵکردنەوەی کارەبا.
سەبارەت بە هۆکارەکانی دیکەی بڕینی کارەبا و رێنماییەکان،
بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوە کردووە، هاوکارینەکردنی تیمەکان بۆ لینککردنی
پێوەری زیرەک، بەکارهێنانی کارەبا بەبێ هەبوونی هاوبەشیی فەرمی، وە روودانی هەڵە
لە لینککردنی پێوەرەکاندا (سواپ) هۆکاری دیکەی کوژانەوەی کارەبان.
هاوکات سەبارەت بە قەرزی کۆن جەخت کراوەتەوە، تاوەکو
ئێستا کارەبابڕین لەسەر قەرز جێبەجێ نەکراوە، بەڵام دوای کۆتاییهاتنی ماوەی
لێخۆشبوون لە 18ـی ئۆکتۆبەری 2026، قەرزەکان دەکرێنە قیستی مانگانە و هەمان
مەرجی 50 رۆژ پارەدانیان بەسەردا
دەسەپێنرێت، بۆیە داوا لە هاووڵاتییان دەکرێت مانگانە لە کاتی خۆیدا پارەی
پسوولەکان بدەن، سەردانی فەرمانگەکان بکەن بۆ لینککردنی پێوەری زیرەک ئەگەر
پسوولەکەیان بە کلاسیک دێتەوە، وە بەخێرایی هاوبەشیی فەرمی بۆ سەرجەم شوێنەکانیان
تۆماربکەن تاوەکو رێگری لە بڕینی کارەباکەیان بکەن.
PM:10:13:06/10/2026
ئهم بابهته 120
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت