مۆڵەتی بەکارهێنەرانی سیمکارتی کۆڕەک تیلیکۆم تا یەکی تشرینی دووەم درێژ کرایەوە
وێستگەنیوز-
دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق (CMC) بە فەرمی درێژکردنەوەی وادەی مۆڵەتی
بەکارهێنەرانی سیمکارتەکانی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆمی تاوەکو 1ـی تشرینی دووەمی 2026 راگەیاند، ئەمەش دوای ئەوەی مۆڵەتی پێشوو لە
کۆتایی مانگی ئەیلوولدا بەسەرچووبوو.
دەستەکە لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرای کرد، ئەم
بڕیارە لەسەر داوای لیژنەی گواستنەوە و گەیاندنی پەرلەمانی عێراق دراوە، بە
مەبەستی رەخساندنی دەرفەت بۆ هاووڵاتییان تاوەکو رێکارە پێویستەکان تەواو بکەن بۆ
پاراستنی هەژمار و خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکانیان کە بە ژمارەکانی کۆڕەکەوە
بەستراونەتەوە، پێش ئەوەی بە تەواوی دەست بە کوژاندنەوەی ناوەندەکانی گۆڕینی
(بەدالەکان)ی کۆمپانیاکە بکرێت.
سەبارەت بە رێنمایی و داواکارییەکانی دەستەی راگەیاندن
و پەیوەندییەکان بۆ بەکارهێنەرانی کۆڕەک، داوا لە بەکارهێنەران دەکرێت ژمارەیەکی
نوێی سەر بە کۆمپانیاکانی (ئاسیاسێل یان زەین عێراق) بۆ ئەو ئەپ و پلاتفۆرمانە
زیادبکەن کە رێگە بە تۆمارکردنی زیاتر لە ژمارەیەک دەدەن، هاوکات بۆ ئەو
ئەپڵیکەیشنانەی تەنیا یەک ژمارە قبووڵ دەکەن، پێویستە ژمارەی پشتپێبەستراو بۆ
وەرگرتنی کۆدی دڵنیایی و گەڕاندنەوەی هەژمارەکان بگۆڕدرێت و رێگەی تری وەک ئیمەیل
و ئەپەکانی دڵنیایی(Verification Apps) چالاک
بکرێن.
لە لایەکی دیکەشەوە جەخت کراوەتەوە، رێکارەکان
داوا لە بەکارهێنەران ناکەن دەستبەرداری سیمکارتەکانی کۆڕەک ببن یان فڕێیان بدەن،
بەڵکو ئامانج لێی پاراستنی مافی بەکارهێنەران و دەوڵەت و رێگرییە لە لەدەستدانی هەژمارە
دیجیتاڵییەکانیان، بەڵام بەپێی بڕیارەکە لە دوای 1ـی تشرینی دووەمی 2026 سەرجەم رێکارە یاسایی و رێکخراوەییەکان بۆ
کوژاندنەوەی بەدالەکانی کۆڕەک بە تەواوی کۆتاییان پێ دەهێنرێت.
PM:09:05:06/10/2026
ئهم بابهته 144
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت