مونا قەهوەچی: کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەت بەرپرسیارێتییەکی نیشتیمانییە
وێستگەنیوز-
جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان دەڵێت، کاراکردنەوەی پەرلەمانی
کوردستان و پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەت، تەنها بابەتێکی سیاسی نییە بەڵکو پێویستییەکی
دەستووری و نیشتمانییە. جەختیش دەکاتەوە کە "نابێت هیچ ناکۆکییەکی سیاسی یان
بەرژەوەندییەکی حزبی ببێتە هۆی دواکەوتنی کارکردنی دامەزراوەکان".
لە پەیامێکدا، مونا قەهوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان ئاماژەی بەوە
کرد، هەنگاوەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی
کوردستان و پێکهێنانی کابینەی دەیەم، هەنگاوێکی گرنگ و پێویستن بۆ بەهێزکردنی دامەزراوەکانی
هەرێم، بەردەوامکردنی پرۆسەی سیاسی و دڵنیابوون لە بەردەوامیی کارکردنی دامەزراوە
دەستوورییەکان.
ڕوونیشیکردەوە، ئەم هەنگاوە تەنها ئەرکی حکومەت یان لایەنێک بە تەنها نییە؛
بەڵکو بەرپرسیارێتیی هاوبەشی هەموو ئەو پارت و لایەنە سیاسییانەیە کە نوێنەرایەتیی
خەڵکی کوردستان لە پەرلەمان دەکەن. داواشی کرد لایەنەکان بە هەڵوێستێکی بەرپرسیارانە،
لە ڕێگەی گفتوگۆ و ڕێککەوتنی سیاسییەوە ڕێگە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی
کابینەی نوێ خۆش بکەن.
دەربارەی قەوارەی هەرێمی کوردستان، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان باسی
لەوە کرد، کە ئەم قەوارەیە بە ئاسانی بەدەست نەهاتووە، بەڵکو بەرهەمی مێژوویەکی درێژی
خەبات، قوربانی و خوێنی شەهیدانە، پێویستە هەموو لایەنەکان بەرپرسیارێتیی مێژوویی
خۆیان بزانن بۆ پاراستنی ئەم دەستکەوتانە و دڵنیابوون لە داهاتووی نەوەکانی
داهاتوو.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، لەم قۆناغەدا کوردستان پێویستی
بە پەرلەمانێکی کارا، حکومەتێکی کارامە و یەکڕیزیی سیاسی هەیە، تاوەکو دامەزراوەکان
بە شێوەیەکی یاسایی و کارا بەردەوامی بە ئەرکەکانیان بدەن.
AM:10:50:06/10/2026
ئهم بابهته 256
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت