11 گەنج لە لیبیاوە دەگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان

‌

وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ دووشەممە 5ی تشرینی یەکەمی 2026، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، دوای گەیشتنی هەواڵی دیارنەمانی کۆمەڵێک هاوڵاتی لە وڵاتی لیبیا، لەسەر راسپاردەی راستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێم، هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە راسپێردران بەپەلە رێکاری پێویست بۆ سۆراخکردن، رزگارکردن و هێنانەوەیان بگرنەبەر.


بەپێی راگەیەندراوەکە، لە ئێستادا تەواوی مامەڵە و رێکارە یاساییەکانی پەیوەست بە 11 هاوڵاتی تەواو بووە و بڕیارە لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا سەرجەمیان لە لیبیاوە بگوازرێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە هەموو هەوڵ و توانایەکیان چڕکردووەتەوە بۆ بەدواداچوون و دۆزینەوەی 10 هاوڵاتیی دیکەی سنووری دەڤەری راپەڕین کە ماوەیەکە لەو وڵاتە بێسەروشوێنن، راشیگەیاندووە کە لە رێگەی نوێنەرایەتییەکانی حکومەت و بە هەماهەنگی لەگەڵ باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا، پرۆسەی گەڕان بەدوایاندا بەردەوامە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی ئەم راگەیەندراوەوە هۆشداری دایە گەنجان و خێزانەکانیان لە مەترسییەکانی کۆچی نایاسایی بەرەو وڵاتانی رۆژئاوا و جەختی لەوە کردەوە کە ئەم رێگەیە سەرەڕای دروستکردنی مەترسیی گەورە لەسەر ژیانیان، سەرپێچیی یاساییە و لێپرسینەوەی توندی لە وڵاتانی دیکە بەدوادا دێت؛ هاوشێوەی ئەو بارودۆخە سەختەی رووبەڕووی ئەم هاوڵاتییانە بووەوە کە بەشێکیان ماوەی 8 مانگ لە زیندانەکانی لیبیادا لەژێر هەڕەشەی مردندا ماونەتەوە.

لە چەند ساڵی رابردوودا، بەشێک لە گەنجانی هەرێم بەتایبەت لە دەڤەری راپەڕین، رێگەی لیبیایان بۆ کۆچکردن بەرەو ئەوروپا گرتووەتەبەر، کە وەک یەکێک لە مەترسیدارترین رێگاکان پۆلێن دەکرێت و بەردەوام کۆچبەران تێیدا رووبەڕووی دەستبەسەرکردن لەلایەن پۆلیس و رفاندن لە لایەن گرووپە چەکدارەکانەوە دەبنەوە.


AM:10:39:05/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 120 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت