غالب محەمەد وردەکاریی داربڕینەوەکانی دهۆک لەلایەن تورکیاوە بۆ وێستگەنیوز ئاشکرا دەکات

‌

وێستگەنیوز – محەمەد فاتیح


غالب محەمەد عەلی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، بە بەڵگەی ڤیدیۆیی و پشکنینی تەکنیکی سەلماندوویانە کۆمپانیایەکی ئەمنیی تورکی دارستانەکانی ناوچەی شاخاویی پارێزگای دهۆک بۆ خۆی دەبڕێتەوە و دارەکانی دەکاتە تاخمی قەنەفە و دواتر لە هەولێر دەیانفرۆشێتەوە، هاوکات داوای لە سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەسەر ئەم پرسە پێکبهێنێت.

غالب محەمەد تایبەت بە "وێستگەنیوز"ی راگەیاند، لێدوانی لایەنە پەیوەندیدارەکان و پارێزگاری دهۆک کە دەڵێن بڕینەوەی دارەکان لە دیوی تورکیایە دوورە لە راستییەوە، چونکە لە رێگەی تیمی ئای‌تی سەربەخۆوە وێنەی ئاسمانیی ساڵانی رابردوو و ئێستای ناوچەکەیان بەراورد کردووە و رووبەرە سەوزاییەکان بەهۆی داربڕینەوە بە تەواوی نەماون.

ئەو پەرلەمانتارە رەخنەشی لە هەڵوێستی حکومەتی هەرێم و وەزیرانی دەرەوە و ژینگەی عێراق گرت بەهۆی بێدەنگییان و ئاماژەی بەوە کرد، بە نووسراوی فەرمی داوای لە عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە لیژنەیەکی مەیدانی رەوانەی ناوچەکە بکات تاوەکو لایەنە کەمتەرخەمەکان دیاری بکرێن و رێکاری یاساییان بەرامبەر بگرێتەبەر.


PM:08:16:04/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 372 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت