کۆمیتەیەک بۆ نوێنەرایەتیی کورد لە نەتەوە یەکگرتووەکان دادەمەزرێت
وێستگەنیوز-
لە زانکۆی ڤڕییەی برۆکسل لە بەلجیکا، کۆنفرانسێک بە بەشداری نوێنەرانی پارتە سیاسییەکان، ئەکادیمیان و پسپۆڕانی یاسایی لە هەر چوار پارچەی کوردستان و چەندین وڵاتی جیهان بەڕێوەچوو.
تێیدا داوا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کرا داواکارییەکانی گەلی کوردستان پەسەند بکەن، کورد وەک نەتەوەیەک بناسێنن و وەک چاودێر لە دامەزراوە پەیوەندیدارەکانیدا قبوڵی بکەن، هەروەها بڕیار لەسەر دامەزراندنی "کۆمیتەی پێکهێنانی نوێنەرایەتیی نەتەوەی کورد لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان" درا.
کۆنفرانسەکە بە مەبەستی تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی بەدەستهێنانی پێگە و نوێنەرایەتیی نێونەتەوەیی بۆ 60 ملیۆن کورد بەڕێوەچوو و بە سروودی "ئەی ڕەقیب" و ڕێزگرتن لە شەهیدان دەستی پێکرد.
بۆ بەڕێوەبردنی تەوەرەکانی کۆنفرانسەکە، فەهمی ڤەرگیلی، نیلوفەر کۆچ و وریا قەرەداغی وەک ئەندامانی دیوان دەستنیشانکران و هەڵبژێردران.
لە بەشێکی دیکەی کۆنفرانسەکەدا، تەوەرەکانی نوێنەرایەتیی یاسایی و سیاسی، بەدەستهێنانی پێگەی چاودێری، کارە دیپلۆماسییەکان و دروستکردنی هەڵوێستێکی هاوبەشی پارتە کوردییەکان تاوتوێ کران.
لەو چوارچێوەیەشدا چەندین پسپۆڕی یاسایی و مافی مرۆڤ وتاریان پێشکەش کرد، لەوانە پسپۆڕی یاسای ئەمریکی باری فیشەر، ئەکادیمیسیەن میلون کۆتهێری کە لە نەتەوە یەکگرتووەکان کاری کردووە، وەزیری دەرەوەی ئایسلەند ئۆیگموندور یۆناسن، و پسپۆڕی یاسای نێونەتەوەیی جۆنی لێدێسما.
PM:07:13:04/10/2026
ئهم بابهته 140
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت