ئەمڕۆ ئەنجامی وەرگرتنی دەرچووانی پۆلی 12 لە زانکۆکان رادەگەیەنرێت

‌

وێستگەنیوز-

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە 4ی تشرینی یەکەمی 2026، لە چوارچێوەی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئەنجامی وەرگرتنی دەرچووانی پۆلی 12ی ئامادەیی لە زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ ساڵی نوێی خوێندنی (2026-2027) رادەگەیەنێت.


بەپێی راگەیەنراوی وەزارەتی خوێندنی باڵا، راستەوخۆ لە دوای راگەیاندنی ئەنجامەکانی زانکۆلاینەوە، دەست دەکرێت بە پرۆسەی خوێندنی قۆناغی یەکەم لە زانکۆکان، بۆیە پێویستە وەرگیراوانی نوێ لە دوای راگەیاندنی ناوەکان راستەوخۆ پەیوەندی بە زانکۆکانیانەوە بکەن؛ بەو پێیەی زانکۆکانی هەرێم ئامادەکاری پێویستیان کردووە بۆ پێشوازیکردن لە وەرگیراوان.

ئەمەش لە کاتێکدایە لە 17ی ئەیلوولی 2026، سیستەمی زانکۆلاین بۆ سەرجەم بەشەکانی (زانستی، وێژەیی، پیشەیی و قوتابخانە نێودەوڵەتییەکان) کارا کرا و لە کاتژمێر 12ی شەوی 26ی هەمان مانگدا دەرگای پێشکەشکردن داخرا.

بۆ ئەمساڵی خوێندن، بە گشتی 40 هەزار و 716 دەرچوو مافی پڕکردنەوەی فۆڕمی زانکۆلاینیان هەبووە و ئامارەکانیش بەمشێوەیە دابەشبوون:

30 هەزار و 847 دەرچوو لە بەشی زانستی.

7 هەزار و 923 دەرچوو لە بەشی وێژەیی.

1 هەزار و 240 دەرچوو لە ئامادەییە پیشەییەکان.

706 دەرچووی قوتابخانە نێودەوڵەتییەکان.


AM:08:47:04/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 264 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو