ئەندامانی دەستەی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان: کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان کەسێکیان وەک سەرۆکی بزووتنەوەکە پەسەند کردووە کە سزای 6 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنراوە
وێستگەنیوز-
ئەندامانی دەستەی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویانکردەوە، لە کاتێکدا هەمووان چاوەڕێی چەسپاندنی سەروەریی یاسا و پاککردنەوەی پڕۆسەی سیاسیین، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بڕیارێکی سەرسوڕهێنەری دەرکردووە، بە پەسەندکردنی کەسێک وەک سەرۆکی پارتێکی سیاسی کە سزای 6 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنراوە لەسەر تاوانێکی پەیوەندیدار بە بەهەدەردانی سامانی گشتی.
ئاماژە بەوەشکراوە، یاسای لێخۆشبوون مەرجی توندی داناوە بۆ دۆسیەکانی سامانی گشتی، ئەویش گەڕاندنەوەی تەواوی ئەو پارانەیە بۆ گەنجینەی دەوڵەت، کە تا ئێستا ئەمە نەکراوە و شوێنەوارە یاساییەکانی تاوانەکە هەر ماون، هەروەها نووسراوە فەرمییەکانی سەرۆکایەتیی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان بە ژمارەکانی 2363 لە 5/11/2025، 675 لە 13/4/2026، و 2046 لە 24/9/2026، جەخت لەسەر بەردەوامیی وردبینی و داواکردنی دۆسیەی ژمارە 430/ج1/2012ی تاوانبار (دانا ئەحمەد مەجید شاسوار) دەکەنەوە، واتە دۆسیەکە هێشتا کراوەیە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، بەپێی یاسا نابێت کەسێک ببێتە سەرۆکی پارت کە مەحکوم بێت بە تاوانی مخل بە شەرەف یان بەهەدەردانی سامانی گشتی، ئەم پەسەندکردنە بەزاندنی ئاشکرای رۆحی یاسایە، ئەم بڕیارەی کۆمسیۆن پێشینەیەکی مەترسیدارە و متمانەی هاووڵاتی بە دەزگا چاودێرییەکان لاواز دەکات.
ئەندامانی دەستەی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان داوا دەکەن، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان دەستبەجێ لەم بڕیارە پاشەکشە بکات و دۆسیەکە وردبینی تێدا بکاتەوە، هەروەها داواکاری گشتی و لایەنە چاودێرییەکان بەپەلە دەستوەردان بکەن بۆ تانەدان لەم پەسەندکردنە و پاراستنی سامانی دەوڵەت، داواش لە دەزگاکانی راگەیاندن دەکەن بەدواداچوونی ورد بۆ ئەم دۆسیەیە بکەن و رێگری لە دەربازبوون لە سزا بکەن.
AM:10:45:03/10/2026
ئهم بابهته 368
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت