پێشهاتی نوێ لە دۆسیەی کەناڵی زووم؛ لاپەڕەکانی سڕانەوە و بەشێک لە کارمەندانی جیابوونەوە

‌

وێستگەنیوز-

دۆسیەی کەناڵی ئاسمانیی "زووم" رووبەڕووی چەند پێشهاتێکی نوێ بووەوە، لە لایەک بەڕێوەبەرایەتیی کەناڵەکە لەدەستدانی پەڕە فەرمییەکانی بەهۆی هێرشی ئەلیکترۆنییەوە راگەیاند، لە لایەکی دیکەشەوە ژمارەیەک لە کارمەند و رۆژنامەنووسانی کەناڵەکە دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان لە کەناڵەکە ئاشکرا کرد.


لەو بارەیەوە هێمن مەحمود، بەڕێوەبەری کەناڵی زووم، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاویکردەوە، لە کاتژمێر 2ی بەرەبەیاندا لە رێگەی هێرشێکی ئەلیکترۆنییەوە پەڕە فەرمییەکانی کەناڵەکە هاک کراون و سڕاونەتەوە، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئاستەنگ و هێرشەکان بۆ سەر کار و بەردەوامیی کەناڵەکەیان بەردەوامە.

هاوکات لە راگەیەندراوێکی جیادا، بەشێک لە رۆژنامەنووسان و کارمەندانی کەناڵی زووم دەستلەکارکێشانەوەی بەکۆمەڵی خۆیان راگەیاند، ئەو کارمەندانە لە روونکردنەوەکەیاندا هۆکاری هەنگاوەکەیان بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە بەڕێوەبەرایەتیی کەناڵەکە نەیتوانیوە دەرفەتەکان بۆ دەستپێکردنەوەی پەخش بقۆزێتەوە، هاوکات جەختیان کردەوە کە ئەوان لە ماوەی کارکردنیاندا بە هیچ جۆرێک بەشێک نەبوون لە ململانێ حزبی و سیاسییەکان و نابێت لەمەودوا بە ناوی ئەوانەوە لێدوان بدرێت.

لە بەرامبەر ئەم پێشهاتانەدا، سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنووسان هەڵوێستی خۆی خستەڕوو و رایگەیاند، وێڕای پشتیوانی بۆ کارمەندە دەستلەکارکێشاوەکان، بەڵام دەستلەکارکێشانەوەی کارمەندان نابێتە پاساو بۆ رێکارە نایاساییەکانی وەک دەستبەسەرداگرتنی ستۆدیۆ و تێکدانی کەلوپەلەکانی کەناڵەکە، داواشی کرد رێز لە یاسا بگیرێت و مافەکان بۆ خاوەنەکانیان بگەڕێندرێنەوە.

کەناڵی ئاسمانیی زووم لە 25ی حوزەیرانی 2024 دەستی بە پەخشی بەرنامەکانی کرد و وەک میدیایەکی نزیک لە لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل دەناسرا، لە بەرەبەیانی 22ی ئابی 2025 و لە میانی رووداوەکانی لالەزار و دەستگیرکردنی لاهور شێخ جەنگی، دەست بەسەر ستۆدیۆکانی ئەو کەناڵەدا گیرا و پەخشەکەی راگیرا. دواتر بەشێک لە کەلوپەل و ستۆدیۆکان رادەستی بەڕێوەبەرایەتیی کەناڵەکە کرانەوە، بەڵام بەهۆی رادەستنەکردنەوەی سەرجەم پێداویستییەکان و بوونی رێگری، پەخشی کەناڵەکە تا ئێستا دەستی پێنەکردووەتەوە.


AM:11:04:02/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 348 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت