دوای کێشەکەی عەبدولـلەتیف ئەحمەد؛ زانکۆی سلێمانی بەڵێننامەیەکی یاسایی بە مامۆستایان و وانەبێژان پڕ دەکاتەوە

‌


وێستگەنیوز بەڵێننامەیەکی فەرمیی یاسایی دەست کەوتووە، کە لەلایەن زانکۆی سلێمانیەوە ئامادەکراوە بۆ مامۆستایان و ئەندامانی دەستەی وانەبێژانی، تاوەکو پابەندبوونی تەواویان بە یاسا بەرکارەکان و رێنماییە ئەکادیمییەکان جێبەجێ بکەن و رێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەو ئاڵۆزییانە بگرێت کە لە دوای لێدوان و هەڵوێستەکانی عەبدوللەتیف ئەحمەد (پێشەوای رەوتی سەلەفی لە هەرێمی کوردستان) دروست بوون.

بەپێی بڕگەکانی ئەو بەڵێننامەیەی دەست وێستگەنیوز کەوتووە و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری یاسایی زانکۆی سلێمانییەوە سەرپەرشتی دەکرێت، هەموو مامۆستا و وانەبێژێک لە کۆلێجە جیاوازەکاندا پێویستە ئاگاداری رێکارە یاسایی و ئەکادیمییەکانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بن و بە شێوەیەکی فەرمی رەزامەندی لەسەر جێبەجێکردنیان دەرببڕن.

لە ناوەڕۆکی فۆڕمەکەدا هاتووە، هەر وانەبێژێک دوای خوێندنەوە و تێگەیشتن لە رێنماییەکان، واژۆ لەسەر بەڵێننامەکە دەکات و کۆپییەکی لای خۆی هەڵدەگرێت، بۆ پشتڕاستکردنەوەی یاساییش، بەڵێننامەکە لەلایەن فەرمانبەری یاسایی زانکۆوە پەسەند دەکرێت و مۆری فەرمیی هۆبەی یاسایی لەسەر دەدرێت.

زانکۆی سلێمانی لە رێگەی ئەم رێکارە یاساییەیەوە هەوڵدەدات مامۆستایان و وانەبێژان بە شێوەیەکی فەرمی بە یاسا و رێنماییە ئەکادیمییەکانەوە پابەند بکات، تاوەکو رێگری بکات لە بەکارهێنانی مینبەری زانکۆ بۆ دەربڕینی هەڵوێستی تایبەتی و بێلایەنی و سەربەخۆیی ناوەندە زانستییەکان بپارێزێت.


PM:10:29:29/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 180 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت