وێستگەنیوز بەڵگەنامەیەکی هەواڵگریی عێراق بڵاودەکاتەوە؛ داعش لە چەند ناوچەیەک دەستی بە جووڵە کردووە
وێستگەنیوز-
وێستگەنیوز دەقی کۆمەڵێک بەڵگەنامەی هەواڵگریی شانەی هەواڵگریی نیشتمانی لە سەرۆکایەتی وەزیرانی عێراق دەستکەوتووە، کە بڕیار و زانیاریی هەستیار لەسەر بارودۆخی ئەمنی و ئاماری تاوانەکانی مانگی حوزەیرانی ساڵی 2026 لەخۆدەگرن؛ بەپێی بەڵگەنامەکان چەکدارانی داعش لە چەند پارێزگایەک دەستیان بە خۆڕێکخستنەوە و جووڵەی مەترسیدار کردووە.
بە گوێرەی بەڵگەنامەکان، لە کەرتی باکوور لە نەینەوا بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی شانە شاراوە و نووستوەکانیان؛ چالاکییان کەمی کردووە و تەنها شەوانە بۆ دابینکردنی پێداویستی دەجووڵێن. لە کەرتی ڕۆژئاوا لە ئەنبار پاشماوەکانیان بە گرووپی بچووک لە ئەشکەوت و دۆڵەکانی باشووری قائم ماونەتەوە. هەروەها لە کەرتی ڕۆژهەڵات لە دیالی دەست نیشانکراوە کە چەکداران هەوڵی بونیادنانەوەی مۆڵگەکانیان دەدەن لە چیای حەمرین و باکووری میقدادییە.
مەترسییە هەرە گەورەکەی داعش بەپێی نوسراوەکەی دەستەی هەواڵگری، لە سنووری نێوان سەلاحەدین و کەرکووکە کە ناوچەی دوزخورماتو و وادی زغیتون و وادی الشاي و زنجیرە چیای حەمرین بەکاردێنن بۆ حەوانەوە و خۆڕێکخستنەوە و جووڵەی شەوانە.
هەروەها دەستەی هەواڵگری جەخت دەکاتەوە کە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم مەترسییانە پێویست بە ئۆپراسیۆنی هاوبەش و چاودێری ئاسمانی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەکرێت.
لە لایەکی ترەوە بەپێی نووسراوێکی فەرمی پاشکۆی بەرگری لە بەغدا کە بەرواری مانگی ئەیلوولی 2026ی بەسەرەوەیە ئاسانکاری ڕێگەگا کراوە بۆ جووڵەی قافڵەیەکی سەربازی هێزە فەرەنسییەکان کە لە چوار کۆنتێنەر و دوو بارهەڵگر پێکهاتوون لە بەغداوە بۆ بنکەی ئاسمانی هەولێر.
لە بەشی دووەمی ڕاپۆرتەکەی دەزگای هەواڵگریدا شیکاری ورد بۆ تاوانەکانی ماددە هۆشبەرەکان و تاوانی دارایی لەسەر ئاستی عێراق کراوە.
دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی ماددە هۆشبەرەکان لەسەر ئاستی گشتی وڵات ڕێژەی 32٪، زیادی کردووە کە 52٪، دەستگیرکراوان بەکارهێنەر بوون و 32٪، بازرگان بوون.
ژمارەی دەستگیرکراوانی ماددە هۆشبەرەکان لە بەغدا گەیشتۆتە چوار 142 کەس و لە ئەنبار 126 و لە دیالی 43 کەس و لە نەینەوا 35 کەس کە لە هەموویان ڕێژەکە بەرزبووەتەوە.
بەڵام لە کەرکووک 34 کەس و لە سەلاحەدین 18 کەس دەستگیرکراون کە ئامارەکە کەمێک دابەزیوە.
لە زۆربەی پارێزگاکان دابەزینی 32٪، تۆمارکراوە و تاوانەکان لە سەلاحەدین و نەینەوا و دیالی و کەرکووک و ئەنبار کەمیان کردووە، بەڵام تەنها لە بەغدا تاوانی دارایی 8٪، زیادی کردووە کە زۆربەی دەستگیرکراوان لەسەر کارکردن لە نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراوی بێ مۆڵەت و شوێنی بازرگانی ڕێنەدراو دەستگیرکراون.
لە کۆتایشدا دەستەی هەواڵگری داوا دەکات ڕێکاری توندتر بەرامبەر بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان و داخرانی نووسینگە داراییە بێ مۆڵەتەکان بگیریتە بەر.
PM:12:31:29/09/2026
ئهم بابهته 440
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت