قایمقامیەتی هەولێر فرۆشتنی خواردنەوە وزەبەخشەکانی بە منداڵان و هەرزەکاران قەدەخە کرد

‌

وێستگەنیوز-


قایمقامیەتی قەزای ناوەندیی هەولێر بڕیاری دا دابەشکردن و فرۆشتنی سەرجەم جۆرەکانی خواردنەوەی وزەبەخش بە منداڵان و هەرزەکاران لە مارکێت و دووکانەکاندا بە تەواوی قەدەخە بکات، هاوکات هۆشداریی توندیش دەداتە سەرپێچیکاران کە رووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی و دادگا دەکرێنەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە 28ـی ئەیلوولی 2026، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر رایگەیاند، سەرجەم لیژنەکانی چاودێری و پشکنینیان ڕاسپاردووە بۆ بەدواداچوونی مەیدانیی ورد و چاودێریکردنی دووکان و مارکێتەکان، جەختیشی کردەوە، لە حاڵەتی تێکچوونی تەندروستی یان گیانلەدەستدانی هەر منداڵێک بەهۆی ئەو خواردنەوانەوە، راستەوخۆ ئەو دووکاندارەی خواردنەوەکەی پێ فرۆشتووە رووبەڕووی بەرپرسیارێتیی یاسایی و دادگا دەکرێتەوە.

ئەم بڕیارەی قایمقامیەتی هەولێر لە کاتێکدایە لەسەر ئاستی عێراق هیچ یاسایەکی تایبەت بۆ ڕێگریکردن لە فرۆشتنی خواردنەوە وزەبەخشەکان بە منداڵان نییە، بەم دواییانەش لە پارێزگای دیالە منداڵێکی تەمەن 13 ساڵان دوای خواردنەوەی شەش قوتوو لەو خواردنەوانە گیانی لەدەست دا.

خواردنەوە وزەبەخشەکان بڕێکی زۆر لە کافایین، شەکر و ماددەی هاندەریان تێدایە و پزیشکان هۆشداری دەدەن کە دەبنە هۆی خێراتربوونی لێدانی دڵ، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، تێکچوونی خەو، دڵەڕاوکێ و لە هەندێک حاڵەتیشدا جەڵتەی دڵ.


PM:04:46:28/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 92 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو