نوسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم: رۆژنامەی "فاینانشەڵ تایمز" قسەکانی مەسرور بارزانی گۆڕیوە
وێستگەنیوز-
نوسینگەی راگەیاندنی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، روونکردنەوەیەکی لەبارەی ناوەڕۆکی راپۆرتێکی رۆژنامەی "فاینانشەڵ تایمز"ی بەریتانی بڵاوکردەوە و ئاشکرای کرد کە نوسەری راپۆرتەکە بۆچوون و لێکدانەوەی خۆی تێکەڵ بە بابەتەکە کردووە، نەک دەقی راستەقینەی قسەکانی سەرۆک وەزیران.
بەگوێرەی دەقی دروستی لێدوانەکان کە لەلایەن نوسینگەکەیەوە بڵاوکراوەتەوە، مەسرور بارزانی جەختی کردووەتەوە کە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەم قۆناغەدا لە کاتێکی هەستیاردایە، هەروەها بەجێهێشتنی هەرێمی کوردستان بەبێ دابینکردنی سیستەمی بەرگری مایەی نیگەرانییەکی قووڵە، بەتایبەتی لە کاتێکدا کە هەرێم زیاتر لە 1000 جار رووبەڕووی هێرشی مووشەکی و درۆنی بووەتەوە.
لە تەوەرێکی دیکەی روونکردنەوەکەدا و سەبارەت بە پەیوەندییە دەرەکییەکان، هاتووە کە هەرێمی کوردستان دۆستی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە، بەڵام لە هەمان کاتدا خوازیاری پەیوەندییەکی باش و هاوسەنگە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، بەتایبەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ هاوکات دووپات کراوەتەوە کە هەرێم نابێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر هیچ لایەنێک و مانەوەی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانیش لە عێراق مێژووەکەی بۆ سەردەمی رژێمی پێشوو دەگەڕێتەوە.
لەسەر ئاستی پەیوەندییەکانیش لەگەڵ بەغدا، مەسرور بارزانی پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ هەوڵەکانی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ دەربڕیوە لە دۆسیەکانی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، پرۆسەی داماڵینی چەکی میلیشیاکان و یەکلاکردنەوەی دەستوورییانەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، لەگەڵ دەربڕینی ئامادەیی هەرێم بۆ هاوکاریکردن لە زیادکردنی داهاتی گشتیی وڵات.
لە کۆتایی روونکردنەوەکەی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی حکومەتدا هاتووە کە لەسەر ئاستی ناوخۆیی، هەوڵەکان و گفتوگۆ سیاسییەکان بە ئاراستەی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پەلەکردن لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامییان هەیە.
PM:03:09:27/09/2026
ئهم بابهته 392
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت