مەسرور بارزانی: کشانەوەی ئەمریکا شەرمەزارکەرە؛ بەغدا رێگری دەکات سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بکڕین
وێستگەنیوز-
مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی "فاینانشاڵ تایمز"ی بەریتانی، هۆشدارییەکی توند لە مەترسییەکانی کشانەوەی هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عێراق دەدات و ئەو هەنگاوە بە کارێکی "شەرمەزارکەر" ناودەبات، هاوکات حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا تۆمەتبار دەکات بەوەی رێگری لە هەرێم دەکات سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بکڕێت و بە مەبەست لاوازی دەکات.
مەسرور بارزانی لە دیدارەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە، هەڕەشەکان راستەقینەن و هەرێمی کوردستان بە تەنیا و بێ بوونی هیچ سیستەمێکی بەرگری بەرامبەر هێرشەکان بەجێدەهێڵرێت. وتیشی: "ئێمە ناتوانین سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بکڕین، چونکە دەبێت لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە لە بەغدا بکڕدرێت، کاتێکیش رێگە بە ئێمە نادرێت چەکی پێویست بۆ رووبەڕووبوونەوەی مووشەک و درۆنە پێشکەوتووەکان دابین بکەین، بە مەبەست لاواز دەکرێین و رووبەڕووی مەترسییەکی گەورە دەبینەوە".
سەبارەت بە بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، سەرۆک وەزیرانی هەرێم روونیکردەوە کە ئەم بڕیارە دووبارەکردنەوەی هەڵەکەی ساڵی 2011ـی ئیدارەی باراک ئۆبامایە، کاتێک بە تەواوی هێزەکانی کشاندەوە و بۆشاییەکی ئەمنیی دروستکرد کە دواتر سەرهەڵدانی تیرۆرستانی لێکەوتەوە. مەسرور بارزانی جەختی کردەوە، تاوەکو ململانێی واشنتن و تاران بەردەوام بێت، ناوچەکە لەژێر مەترسیدایە، بەو پێیەی هەرێمیش هاوپەیمانێکی "سەربەرزی" ئەمریکایە، بەردەوام دەکرێتە ئامانج.
بەگوێرەی راپۆرتەکەی فاینانشاڵ تایمز، لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا دژ بە ئێران لە مانگی شوباتەوە، لانیکەم 1000 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی ئێرانی هەرێمی کوردستانیان کردووەتە ئامانج. لە کاتێکدا زۆرێک لە هێرشەکان بۆ سەر بارەگاکانی ئۆپۆزسیۆنی کوردی ئێران و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا بوون، مەسرور بارزانی ئاشکرای کردووە کە لە ناوەڕاستی مانگی ئابدا تەنانەت نوسینگەکەی خۆیشی لە هەولێر کەوتووەتە بەر هێرش.
لە لایەکی دیکەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کشانەوەکە وەک قۆناغێکی نوێ پێناسە دەکات و دەڵێت هێزە عێراقییەکان و پێشمەرگە توانای زیاتریان نیشانداوە. بەڵام هێرشی میلیشیاکان وایکردووە واشنتن کارمەندانی نائاسایی لە کونسوڵخانە نوێیەکەی لە هەولێر بکشێنێتەوە کە بە گوژمەی 800 ملیۆن دۆلار دروستکراوە و گەورەترینی جیهانە، ئەوەش جیاوازییەکی گەورەی لەگەڵ کونسوڵخانە چالاکەکەی ئێران لە هەولێر دروستکردووە کە ئاماژەیە بۆ هەژموونی تاران.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بارزانی هۆشداری دا لەوەی رەتکردنەوەی چەکدانان لەلایەن میلیشیا شیعەکانەوە، دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر سیستەمی فیدراڵی لە عێراق و مەترسی لەسەر ئەو خۆبەڕێوەبەری و ئۆتۆنۆمییە دروست دەکات کە کورد بە سەختی بەدەستیهێناوە؛ بەتایبەت کە رەگی ئەو ئۆتۆنۆمییە بۆ ناوچەی دژەفڕینی ساڵی 1991 بە سەرپەرشتی ئەمریکا دەگەڕێتەوە.
سەبارەت بە بیانووەکانی تاران بۆ بۆردومانکردنی هەرێم بە بیانووی بوونی ئۆپۆزسیۆنی رۆژهەڵات و دەستی ئەمریکا و ئیسرائیل، مەسرور بارزانی ئەو تۆمەتانەی بە "زیادەڕەوی" ناوبرد و وتی چەندین جار بە روونی بە ئێرانیان راگەیاندووە هەرێم نابێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر خاکی ئەوان. هاوکات تۆبی دۆج، پسپۆڕی کاروباری عێراق لە زانکۆی ئابووریی لەندەن (LSE) باسی لەوە کردووە کە کەمبوونەوەی رۆڵی سەربازیی واشنتن وادەکات بارزانی بژاردەی زۆری لەبەردەمدا نەمێنێت جگە لە سازان و رێککەوتن لەگەڵ تاران.
رۆژنامەکە تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی کە هەولێر لە دوای ریفراندۆمی 2017 و لەدەستدانی کەرکووک و داهاتی نەوت، تووشی تەنگژەی پەیوەندی لەگەڵ بەغدا بووە و پشکی بودجەکەی بۆ کەمتر لە 13% دابەزیوە، هاوکات لەسەر ئاستی ناوخۆش ململانێی دوو پارتە سەرەکییەکە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی پەکخستووە.
لە کۆتایی لێدوانەکانیدا بۆ فاینانشاڵ تایمز، سەرۆک وەزیرانی هەرێم هۆشداری دا ئەگەر دۆخی ئەمنی پاش کشانەوەکە تێکبچێت، رەنگە ناچارببن داوا لە هاوپەیمانان بکەن بگەڕێنەوە، وتیشی: "کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەتوانێت هەر ئێستا هەنگاو بنێت بۆ پاراستنی سەقامگیری، بێ ئەوەی چاوەڕێ بکات دۆخەکە خراپتر بێت و هاوشێوەی سەردەمی سەرهەڵدانی داعش دواتر ناچار بە گەڕانەوە ببێت".
PM:01:38:27/09/2026
ئهم بابهته 300
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت